پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، ئەبرو گیونەی وتەبێژی هەدەپە، فەلەکناس ئوجا و هشیار ئۆزسۆی هاووتەبێژانی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەدەپە و ئەندامی کۆمیتەکە نازمی گیور، بە میوانداریی نوێنەرایەتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین-یان لەگەڵ نوێنەرانی ٢٦ وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا رێکخست.
'گۆشەگیری لەمپەری بەردەم چارەسەرییە'
لە کۆبوونەوەکەدا شیکاری بۆ پەیوەندیی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست کرا. رۆژەڤی تایبەتیش سیاسەتە نایاسایی و بێمافییەکانی گۆشەگیری بوو لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و راپۆرتی سی پی تی لەو بارەیەوە بوو.
کۆبوونەوەکە بۆ ماوەى کاتژمێرێک بەردەوام بوو و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە رایگەیاند، دەبێت یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە دژی بەڕێوەبەریی دەسەڵاتپەرەستی تورکیا هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان هەبێت. راشیگەیاند، سەوەریی مافەکان و یاسا و دیموکراسی لە پەیوەندیی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیادا دەبێت دەستنیشان و روون بکرێتەوە.
بوڵدان ئاماژەى بەوەکرد، لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەى کورددا گۆشەگیری رۆڵێکی گرنگ و خراپ دەگێڕێت و باسی لە راپۆرتەکەى سی پی تی لەوباریەوە کرد و راشیگەیاند، دەبێت کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی لە دژی سیستمی گۆشەگیری لە ئیمرأڵی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی تورکیادا بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە.
'هەلومەرجە خراپەکان کراون بە دیکۆمێنت'
ئەبرو گیونەى وتەبێژی هەدەپە لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەى بەوەکرد، بە بڵاوکردنەوەى راپۆرتەکەى سی پی تی لە ئیمراڵی و زیندانەکانی تورکیادا هەلومەرجی خراپەکان بە دیکۆمنێتکران و راشیگەیاند، گۆشەگیری کە بە تایبەتی لەسەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت دەبێت بە خێرایی کۆتایی پێ بێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کرا، کە بۆ بەجێهێنانی داواکانی ناو راپۆرتەکەى سی پی تی، چاودێریی حکومەتی تورکیا بکەن بۆ ئەوەى ئەو داوایانە جێبەجێ بکات.
ژ.ت