"دەسەڵاتدارانی ئێران شەقامەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ لە دژی ژنان"

نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی زیندانی کراو، بە ئاماژەدان بە فشاری هێزە ئەمنییەکان لە سەر ژنان بۆ سەپاندنی حیجاب، رایگەیاند: "دەسەڵاتداران شەقامەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ لە دژی ژنان".

لە رۆژی شەممە ١٣ی نیسانەوە، پرۆژەیەک بە ناوی نور لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی زۆربەی شارەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لەو پرۆژەیە وەک کاربەدەستانی دەوڵەت رایانگەیاندووە، "بەرەنگاربوونەوەی بێ حیجابییە" و لەو چوارچێوەدا لەماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لەبارەی توندوتیژی هێزەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە ژنان بڵاوکراوەتەوە.

لەو بارەوە نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە لە زیندانی ئێڤینی تارانە، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەت گیرۆدەی ئازاری کوشندەی نەبوونی رەوایەتی لە ناوخۆ و لاوازییە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو،"دەسەڵات لەو پەڕی بێچارەییدا شەقامەکانی کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ لە دژی ژنان و گەنجان و بەمەش دەیەوێت لە ئازاری نەمانی رەوایەتی  لە ناوخۆ و داڕمانی هێزەکەی بە ترس و تۆقاندن قەرەبوو بکاتەوە و لاوازبوون و گاڵتەجاڕبوونی بانگەشەکانی لە کایەی نێونەتەوەیی بە ستەم و زۆرداری لە ناوخۆ چارەسەر بکات".

نێرگس محەمەدی باسی لەوەشکردووە، "خۆڕاگری و بەرخودانی ژنانی سەربەرزی ئێران لە شەقامەکانی شارەکان و بەردەوامیدان بە نافەرمانی و یاخیبوونی مەدەنی، هەناسەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئایینی گەیاندووەتە دوایین هەناسەدانەکانی"، جەختیشی کردووەتەوە، "شەقام بۆ ئێمەیە و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنیش چارەنوسی ئێمەیە".

گەڕانەوەی پۆلیسی ئەخلاق بۆ شەقامەکان دوای ئەوەدێت کە عەلی خامنەیی رابەری ئایینی ئێران لە نوێژی جەژندا داوای کردبوو کە دەوڵەت بەرەنگاری ئەو دیاردانە بێتەوە کە بە "لادان و پێسێلکردنی نۆرم و پێوەرە ئایینیەکان" ناوی بردبوون، وەک ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی ئەو ژنانەی بە بێ حیجابی زۆرەملێ لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون.

هـ . ب