بە دیمەن

یەژەکە-سە هەشتەمین کۆنگرەی خۆی بەست

لە هەشتەمین کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) کە لەسەر بناغەی ڕێکخستنبوونی هاوچەرخ ئەنجامدرا، پەیامدرا "پرۆژەی تەواونەکراوی ڕێبەرێتی، بە شۆڕشی ژنان تەواو دەکەین".

کۆنگرەی هەشتەمی یەژەکە-سە

یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) کە چەتری کۆکەرەوەی ٦ مەجلیس و ٥ کۆمۆنە و ٦ دەسپێشخەریی سویسرایە، بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان هەشتەمین کۆنگرەی خۆی بەست، کۆنگرەکە بە بەشداری دەیان نوێنەر و بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژنان" لە هۆڵی کۆنفرانسی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی بازل بەڕێوەچوو.

پاش خولەکێک ڕێزگرت لە شەهیدانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، ئەندامی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا تەژەکە-ئە سۆزدار سیدار نرخاندنی بۆ پرۆسەی سیاسیی کرد.

سیدار ڕایگەیاند تێگەی شەڕی تایبەت لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە لە چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەڕێگەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەخوازرێت ئەم شەڕە دژی کوردان قووڵتر بکرێتەوە، گوتی: "لەم قۆناغەدا پارادایمێک لەسەر بناغەی ژیانی هاوبەش و ئازادی گەلان پێشخراوە. ڕێبەرێتیمان بەم پارادایمە دەرگای ژیانی ئازاد و دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیکی بۆ ژنان کردەوە. ئەو گۆشەگیرییەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێبەرمانە، لە ڕاستییدا سیاسەتێکە دژی مۆدێلی ژیانی ئازاد".

"ئێمە هێزی ڕێکخستنی خۆمان دەردەخەین"

سیدار ڕایگەیاند ژنان و مناڵان قوربانی سەرەکی شەڕ و ئاژاوەکانن، ڕێکخستنی ژنانی کورد گرنگییەکی مەزنی هەیە، گوتی: "ژنانی کورد بە تێکۆشانیان بوونە پێشەنگی ژنانی جیهان. ژن ژیان ئازادی تەنها درووشمێک نییە. بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ گەشەی کردووە و ئیمکانی ژیانی ئازاد پیشان دەدات. ئێمە ئەم مۆدێلەی کە ژنانی کورد پێشەنگایەتی دەکەن، لە هەموو جێیەک پیادە دەکەین و هێزی ڕێکخستنی خۆمان دەردەخەین".

"پرۆژەی ڕێبەرێتی بە شۆڕشی ژن تەواو دەکەین"

سیدار وتەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "پرۆژەکەم تەواونەکراوە" دەربارەی ئازادی ژن بیرهێنایەوە، گوتی: "ئەم بەڵێنە ڕێنماییە بۆ ئێمە لە قۆناغی ڕێکخستنماندا. ئەو ڕۆژەی پارادایمی ڕێبەرێتیمان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێبەجێ دەکەین، ئەو کاتە ڕێنمایی ڕێبەرێتیمان جێبەجێ کردووە. ئەم ئیرادەیە بەدەست ئێمەیە. چۆن؟ دەوڵەتی تورک پێی وابوو بە تەکنۆلۆژیای خۆی گەریلاکانی ئازادی دەشکێنێت. گەریلاکانی ئازادی بە پەرەپێدانی پراکتیکی سەروەری، دەوڵەتیان تێکشکاند. هەڤاڵان لە نەورۆزدا مزگێنیان پێ داین. هەموو هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بەرخۆدانی گەریلا شکستی هێنا. ئێمە ئەم تێکۆشانە و پرۆژەی ڕێبەرێتی، بە شۆڕشی ژنان تەواو دەکەین".

پاش وتەکانی سۆزدار سیدار، ڕاپۆرتی خەباتی پێکهاتەکانی یەژەکە-سە خوێنرایەوە، تاوتوێ کرا و نرخاندنی بۆ کرا. پاشان ڕۆژەڤی هەڵبژاردن دەستی پێ کرد. سەلما سورەر وەک وتەبێژی نوێی یەژەکە-سە هەڵبژێردرا، دەستەیەکی بەڕێوەبردنی ١٢ کەسی هەڵبژێردرا.

کۆنگرەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.