هێزەکانی رژێمی ئێران بە فیشەکی راستەقینە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران

لە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی شاری خاشی بەلوچستان هێزەکانی رژێمی ئێران تەقەی راستەوخۆیان لە هاووڵاتیان کرد، تائێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نازانرێت.

خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێ پسانەوە بەردەوامن. هێزەکانی رژێمی ئێران بۆ ئەوەی بەر بە خۆپیشاندانەکان بگرن، توندوتیژی بەکاردەهێنن و راستەوخۆ تەقە لە هاووڵاتیان دەکەن.

دوێنێ لە شارەکانی، خاش، سەراوان، ئێرانشار و زاهیدان گەل لە دوای نوێژی هەینی رژانە شەقامەکان و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە رژێم دەربڕی. لەبەر ئەوەش هێزەکانی رژێمی ئێران راستەوخۆ تەقەیان لە هاووڵاتیان کرد.

چالاکوانان هەڵیانکوتانە سەر ناوەندێکی هێزەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران لە شاری خاشی بەلوچستان. دوابەدوای ئەوە هێزەکانی رژێم بە گولـلە دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد و ویستیان بڵاوەیان پێبکەن.تائێستا ژمارەی کوژراوان و برینداران لەو شارە روننەبووەتەوە.

بە گوێرەی دیمەن و زانیارییەکان کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لە هێرشەکەدا لە خاش هێزەکانی رژێمی ئێران ٧ کەسیان کوشتووە.

دوێنێ لە شاری شنۆ مەراسیمی چلەی عەبدولواحید قادر گەلوان کە لە خۆپیشاندانەکاندا لە لایەن هێزەکانی رژێمەوە شەهیدکرابوو، لەسەر گۆڕەکەی بە بەشداری دەیان کەس بەڕێوەچوو.

لە شاری راسکیش هاووڵاتیان رژانە شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد.

خۆپیشاندەران لە شاری سەربازیش رژانە شەقامەکان و بە سوتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل رێگەی هاتووچۆیان داخست.

لە شاری زاهیدان ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی رژێم بە جل و بەرگی مەدنییەوە لە کۆڵان و شەقامەکان جێگیرکران بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپیشاندانەکان بکەن.

لە سەقزیش خوێندکاران و مامۆستایان رژانە گۆڕەپانەکان و بە وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. هەروەها لە زۆر ناوچەی دیکەی رۆژهەڵاتیکوردستان هاوڵاتیان رژانە شەقامەکان و درێژەیان بە چالاکییەکانیاندا.

هـ . ب