ئایشەگوڵ دۆغان: بەمزوانە هاوپەیمانی جڤاکی پێکدەهێنین

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند بەمزوانە هاوپەیمانی جڤاکی دیموکراتیک پێکدەهێنن، جەختی کردەوە، گەلی کورد لە هەڵبژاردنەکان دژی گۆشەگیری پەیامی داوە.

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی مەجلیسی پارتەکە و لیژنەی بەڕێوەبردنی ناوەندنی لە ناوەندی گشتی دەم پارتی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست، سەرەتا ١٢٦ هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆزکرد و گوتی: "سەرەڕای قوربانیدانەکان، ڕێگەی حەقیقەت بەردەوامە".

دۆغان ڕایگەیاند پارتەکەیان کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگای خۆی دیاریکردووە، دووپاتی کردەوە بە هەوڵ و کۆششی هەمەلایەنە دەم پارتی لە هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار سەرکەوت و بووە هیوا بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک و ئازادی و شکۆدار.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هەڵبژاردن لە هەلومەرجێکی یەکسان بەڕێوەنەچوو، هێزەکانی دەسەڵات هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەتیان دژی دەم پارتی خستەگەڕ، تەنانەت خودی سەرۆککۆماری وڵاتەکە تەیب ئەردۆگان لە کەمپینی هەڵبژاردن بەشداریکرد و گوتی: "ئەوەی دەنگ نەدات، خزمەت ناکرێت"، سەرباز و پۆلیس بۆ ساختەکاری هێنرانە کوردستان، بەڵام گەل بە دەسەڵاتی گوت ئیتر بەسە و دژی ڕژێمی قەیوم وەستانەوە.

جەختی لەوە کردەوە، دەم پارتی، پارتی کوردان و گەنجان و ژنان و بندەستانە بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی دەم پارتی، هیوا و ئایندە سەرکەوتن، گوتی: "پێویستە پارتە باڵادەستەکان هەنگاوی نوێ بنێن، بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانەی پری کورد دەبێت هەنگاوی ڕوون و چارەسەرساز بنرێن. دەبێت وەک ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، بەم جۆرە نرخاندن بکەین".

دۆغان تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی ڕێپێوانی ئازادی و جەژنی نەورۆز لەکاتی هەڵبژانەکاندا، گوتی: "دەنگدەرانی دەم پارتی دژی شەڕ و سیاسەتی نکۆڵی چوونە سەر سندووقەکان، داوای سیاسەتی دیموکراتیکیان کرد. گوتیان نا بۆ ئۆپەراسیۆن. گوتیان نا بۆ گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان".

هەروەها دووپاتی کردەوە لە کۆبوونەوەکدا نەخشەڕێگای پارتەکەیان تاوتوێ کردووە و سیاسەتی هێڵی سێیەمیان وەک نەخشەڕێگا قبووڵ کردووە و بۆ کۆکردنەوەی هەمووان لەسەر ئەم هێڵی سیاسەتە بەردەوام دەبن، لە هەڵبژاردنەکانیش هەر ئەم هێڵە سەرکەوت.