ڕێکخراوە چاپەمەنییە نێونەتەوەییەکان: ڕۆژنامەوانە کوردەکان مەکەنە ئامانج

٢٧ ڕێکخراوی چاپەمەنی نێونەتەوەیی دژی گرتن و فشاری سەر ڕۆژنامەوانە کوردەکان ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و گوتیان: "پێویستە تورکیا یاساکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات و دەست لە بەئامانج گرتنی میدیای کورد هەڵبگرێت".

ڕاگەیاندراوی چاپەمەنییە نێونەتەوەییەکان

٢٧ ڕێکخراوی چاپەمەنی نێونەتەوەیی، لەنێویاندا ئینستیویتی چاپەمەنی نێونەتەوەیی، کۆمەڵەی میدیا و خەباتی یاسایی، ناوەندی ئازادی چاپەمەنی و میدیای ئەوروپی، یەکێتی ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندنەکانی جیهان، پەیوەست بە گرتنی پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا محەمەد ئاسڵان و ئەسرا سۆلین دال و ڕۆژنامەوان ئەردۆگان ئالایومات ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە تیشک دەخاتە سەر ٣ ی ئایار ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی و فشاری سەر خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد، دەڵێت: "دەستوەردانی بەپەلەی ئازادی میدیایی لە ساڵی ٢٠٢٢ ـەوە ٤٣ ڕووداوی تۆمارکردووە کە ١١٨ ڕۆژنامەوان و خەباتکاری میدیایی دامەزراوە کوردییەکان کراونەتە ئامانج".

ڕاگەیاندراوەکە داوا دەکات دەوڵەتی تورک هێرش و هەڕەشەکانی بۆ سەر ڕۆژنامەوانانی کورد هەڵبگرێت و بەپێی یاسا بجووڵێتەوە و سەلامەتی ڕۆژنامەوانان بپارێزێت، دەڵێت: "هەروەها بانگەواز دەکەین کۆتایی بە پێشێلکردنی خاڵی ١٠ ی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بهێنن پەیوەست بە ئازادی کار و ئازادی میدیایی. پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەرپرسیارێتییەکانی پەیوەست بە یاسای چاپەمەنی و دەستووری کۆماری تورکیا و دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات و میدیای کوردی نەکاتە ئامانج. پیشەی ڕۆژنامەوانی پێکهێنەرێکی سەرەکی و بێ جێگرەوەی جڤاکی دیموکراتیکە، بۆیە پێویستە هەموو ڕۆژنامەوانان دوور لە فشار و بەشێوەیەکی ئازاد پیشەکەیان ئەنجام بدەن".