ئەمەریکا: بەرپرسانی حەماس بارەگاکانیان بۆ تورکیا گواستوەتەوە
دەیان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکەن بۆ تاوتوێ کردنی بابەتی پێشوازی کردن لە بەرپرسانی حەماس لەلایەن تورکیاوە.
دەیان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکەن بۆ تاوتوێ کردنی بابەتی پێشوازی کردن لە بەرپرسانی حەماس لەلایەن تورکیاوە.
رۆژنامەی"زە هێل"ی ئەمریکی، ئاشکرای کردووە، ٣٦ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، داوا لە وەزارەتی دەرەوە ووڵات و بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی دەکەن، کۆبونەوەیەکی بەپەلە سازبکەن بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێست و کردەوەی تورکیا لەبابەتی پێشوازیکردن لە بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس لە تورکیا.
هەروەها رۆژنامەی"زە هێل"ی ئەمریکی، بڵاویکردۆتەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا چەند راپۆرتێکیان لەبەردەستدایە کە باس لە ئەگەری گواستنەوەی بارەگاکانی بزوتنەوەی حەماس دەکات بۆ تورکیا، هەروەها نیگەرانیشیان دەربڕیوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس.
هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەسەردەمی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس جێگای نیگەرانییە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا رەتیکردوەتەوە، ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "جوود ئینسایدەر"ی ئەمەریکی رایگەیاندووە، دوو بەرپرسی بزوتنەوەی حەماس قەتەریان بەرەو تورکیا بەجێهێشتووە.