هەندێک ناو لە غوباری کاتدا ون دەبن، هەندێکیش بەدرێژایی تەمەنێک دەنگ دەدەنەوە، وەکو گریانێک کە لەبیرناکرێت. کات ناوی هەموو کەسێک لەسەر بەردەکان نانەخشێنێت. بەڵام کەسانێک کە گیانی خۆیان بەخت دەکەن، دەیانخاتە بەهێزترین بەشی یادگەوە. بەبێدەنگی دەردەکەون، بەڵام ئەو کاریگەرییانەی جێی دەهێڵن دەبنە دەنگ، وتە و ڕێگا... کۆبانێ تەنها شارێکی سنووری نەبوو، بەڵکوو لە ماوەیەدا وەک شانازیی گەلان هەژمار دەکرا. خاکەکەی بە بۆمب، دیوارەکانی بە سوێند و بەڵێن داپۆشرابوون. بەرخۆدان لەژێر هەر بەردێکدا شاراوە بوو، لە هەموو سووچێک هیوا هەبوو. لە کۆڵانەکانیدا کە بە خوێن و فرمێسکی چاو ڕاگیرابوون، ئەزموونەکانی ژیان بووبوونە چیرۆک.
ئەو دڵانەی کە ئاگری دوژمنیش نەیدەسووتاندن، شاریان بە خۆشەویستی بێداردەکردەوە؛ بووە سیمبولی ئاشتی و بەرخۆدان. لە گوندی دادعەلی لەسەر سنووری شارێکی لەو شێوەیە، هاوشانی برا دووانەکەی، لەناو بنەماڵەیەکی نۆ کەسیدا لەدایکبوو. بە گۆشبوونی بە بۆنی خاک، ورشەی با و ئاوازی تێکۆشانی ئازادیی کورد لە گوێکانیدا، لەناو بێدەنگیی ستەمدا گەورە بوو.
ئەو خاکەی لێی لەدایکبوو لەژێر گەمارۆ دابوو
ساڵی ٢٠١٤ بۆ کۆبانێ بوو بە سەرەتای ڕۆژە تاریکەکان. هێرشە دڕندەکانی داعش، ڕێبەر و جیهانی بنەماڵەکەی سەروبن کرد. بنەماڵەکەی لەپێناو پاراستنی منداڵەکانیان لە هەڕەشە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ شاری ئامەدی باکووری کوردستان. بەڵام زریانی ناو دڵی ڕێبەر هێور نەبوویەوە. هەر ڕۆژێک گوێی لێدەبوو کە کۆبانێ لەژێر گەمارۆدایە، ڕق و کینەی دڵسۆزیی کە لە ناخیدا چەکەرەی کردبوو، تا دەهات زیاتر دەبوو. بەیانییەک دوای ئەوەی ماڵئاوایی لە بنەماڵەکەی و دراوسێکان دەکات، بڕیاریدا سنوور ببڕێت و گوتی، 'من قەرزداری دڵسۆزی بۆ ئەو خاکەم'. سەرلەنوێ سنوورە تاریکەکانی بڕی و گەڕایەوە ئەو خاکەی لێی لەدایکبووبوو، گەڕایەوە ناو دڵی گەلێکی بەرخۆدێر. بە ئاگری ئازادیی لە چاویدا و باوەڕێک کە نەدەشکا لە دڵیدا چووە پاڵ بەرخۆدان. "ناوی خۆی گۆڕی بە فیراس"، تاجی سەرهەڵدانی لەسەرنا.
لە تەمەنی ١٧ ساڵی خۆیدا و سەرەڕای بچووکی تەمەنی ئازاری مرۆڤێکی گەورەی هەڵگرتبوو. نەک تەنها چەک، سیمبولی شانازیی لەباوەش گرت و ڕێی سەرهەڵدانی هەڵبژارد. لەبەرئەوەی ئەو گیانێک بوو کە تەنها بۆ ژیان تەرخان نەکرابوو؛ بۆ ئەو بەهایانە کە شایەنی گیان بۆ بەختکردنن، دڵسۆزبوو. نەک تەنها بۆ شەڕ، بەرەو داهاتوویەکی سوێند بۆ خوراو بە هەنگاوی بڕیاردارییەوە ڕێی گرتە بەر... لەپشت هەر سەنگەرێک، لەپشت هەر خەندەکێک تەنها شەڕڤانێک نەبوو، منداڵێکی گەل بوو کە بەبێ دوودڵی باوەڕەکەی هەڵگرتبوو. بیرەوەرییەکانی منداڵی لەگەڵ دەنگی چەک لە کۆڵانەکانی کۆبانێدا تێکەڵاوبوون، بوون بە دەنگدانەوەی بەرخۆدان. بەڵام لێرە نەوەستا.
بە سەرکەوتن نەوەستا، ماراسۆنی ئازادیی بەردەوام بوو
کاتێک دەوترا کۆبانێ کەوت، بەڵام دواتر بە بەرخۆدان هەڵسایەوە، سەرکەوتنی سەرسەختی و باوەڕی نموونەی فیراس بوو. فیراس بەم سەرکەوتنە ڕازی نەبوو. ئاگری بەرخۆدانی نەکوژابۆوە؛ سەنگەری نوێ و تێکۆشانی نوێ دوای کۆبانێ چاوەڕێی بوون. بەرەو بەنداوی تشرین، دواتر منبج بەڕێکەوت... بە هەر هەنگاوێک بۆ گەلەکەی، خاکەکەی و شەڕەفی ڕێی گرتە بەر. لە هەر هەنگاوێکدا بۆ هاوڕێکانی کە لە پاڵیدا شەڕیان دەکرد و بوێرییان دەدایە گەلەکەیان هیوای هێنا. ٢٠ـی حوزەیرانی ٢٠١٦، لە میانەی هێرشەکانی ڕزگارکردنی منبجدا، فیراس جارێکی تر لە پێشەوە بوو. ئەو ڕۆژە فیشەک تەنها بەر جەستە نەکەوت، بەڵکو بەر درەوشاوەترین ڕۆڵەی نەتەوەیەک کەوت. بەڵام ئەو ڕۆژە نەدەوترا فیراس 'مردووە'. لە دڵی گەلەکەیدا لەدایکبوو، وەک دەرگایەک بەڕووی ئازادیدا کرایەوە. منبنج ڕزگارکرا؛ فیراسیش...
مردن نەیتوانی ئەو بێدەنگ بکات. لەبەرئەوەی لەگەڵ مردن نا، لەگەڵ ژیان لە مێژوودا نوسرایەوە. ئەمڕۆ ناوی ئەو لەسەر کێلێک نییە، لە هەموو گۆشە کەنارێک، لە گوێی هەر منداڵێکدا دەنگ دەداتەوە. ناونیشانی منداڵێکی تێپەڕاندووە و بووەتە شانازیی، دڵسۆزیی و سەرهەڵدانی بێکۆتای گەل..
لە وتەکانی دایکییەوە...
'کوردستان لە منداڵەکانی ئێمە شیرینترە' ئەمە سوێندە، باوەڕێکە کە لە لێوی دایکی شەهید فیراسەوە سەرچاوە دەگرێت، هاواری دایکێکە کە چارەنووسی گەلێکی لەئەستۆ گرتووە. ئەو دایکێکی بەرخۆدانە کە کوڕێکی ئازا، شەڕڤانی ئازادیی فیراسی لە دڵی ڕۆژئاوادا هێناوەتە دونیاوە، بەڵام سەر دانانەوێنێت.
دایکی باسی کوڕەکەی دەکات، کە ناتوانێت لە زەوی و ئاسماندا لەباوەشی بگرێت: ڕێبەر منداڵێکی ئاسایی نەبوو، یەکێک لە منداڵانی شۆڕش بوو. لە تەمەنێکی بچووکەوە خاوەنی بیروهۆشێک بوو کە هەستی بە خەم و ئازاری گەلەکەی دەکرد. ماڵەکەی ئێمە ساڵانێکە بۆ گەریلایانی تەڤگەری ئازادی شوێنی کۆبوونەوەیە. ڕێبەر لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا بووە هاوەڵێکی هەڤاڵانی. لەگەڵ هەر هەڤاڵێک گەورە و بەهێز بوو. دەنگی چەک لەبری ترس هیوا و بڕیارداریی ئەوی دەهێشتەوە. ئەو چیتر منداڵ نەبوو؛ لەشکرێکبوو بۆ داهاتووی گەلەکەی تێدەکۆشا.
چووبوو لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان کاری دەکرد، هەر کە هێرشی داعش دەستیپێکرد، ئێمەش چوینە ئەوێ. کاتێک بیستبووی گەمارۆی سەر کۆبانێ تادێت توندتر دەبێت، سنوورەکانی بڕیبوو و گوتبووی 'من قەرزداری دڵسۆزیی بۆ ئەم خاکەم' و چووبوو بۆ ئەو خاکەی لێی لەدایکبووە. بە ئێمەی نەوتبوو، بەڵام وەکو دایک من هەستم بە نەبوونی کرد. وەک هەر دایکێک دڵی منیش دەهێشا، بەڵام منیش ڕاستییەکی ترم خستە دڵمەوە. 'من ئەمەم لە دڵەوە نەبینی. ڕێگای خۆی هەڵبژاردووە و ئەو ئیدی شەڕڤانێکی شۆڕشگێڕە.'
هەر کە کاتی هەبووایە پەیوەندی پێوە دەکردم و ئەو شتانەی بینیبووی بۆی دەگێڕامەوە. دوای ئازادکردنی شێخلەر ڕاستەوخۆ هاتە سەر سنوور، ئێمەش چووین تا چاومان پێی بکەوێت. بە پەرۆشەوە یەکترمان لەباوەش گرت. هەر وازی نەهێنا، دواتر ڕووی کردە تشرین. 'وەک دایكێک پێویستە لەسەرم خاکەکەی خۆم بپارێزم. من بەڵێنم بەم خاکە داوە و بەڵێنەکەم دەگرمە ئەستۆ'. ئەو بەڕێکەوت. لەسەرەتادا تشرین دواتر منبج. باوکی بەمەبەستی بینینی چووە منبج. دوای گەڕانەوەی هەستم کرد کە شتێک هەڵەیە. دڵم کەوتە ناڕەحەتییەوە. دواتر تێگەیشتم کە شەهید بووە و تەرمەکەی بەرەو کۆبانێ دەهێنرێت. من ئەوم لەو خاکە ناشت کە شەڕی بۆ کرد. ئێمە ئەمڕۆ لە سایەی قارەمانەکانی هاوشێوەی ئەوەوە دەتوانین بە ئازادی بژین. هەمیشە لەسەر ڕێچکەی ئەوان دەبین.
'لە سایەی ئەوانەوە ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین بە ئازادی هەناسە بدەین'
عومەر سلێمانی باوکی شەهید فیراس لە کاتێکدا بە حەسرەتەوە ساڵیادی شەهیدبوونی کوڕەکەی وەبیردێنێتەوە، بەو شێوەیە دەدوێت:
'فیراس تەنها ناوی منداڵێک نییە. ئەو مەشخەڵی ئازادیی ڕۆژئاوایە، قارەمانی گەلە، شانازیی نەتەوەیەکە. فرمێسکەکانی دایکی پڕن لە هیوا و قسەکانی باوکی بە بڕیارداری گۆشکراون. لە سایەی شەهیدانمانەوە ناسنامەیەکمان بەدەستهێنا. لەسایەی ئەوانەوە بە زمان، کلتوور و نامووسمانەوە دەژین. بۆ نەوەی نوێ دەبنە وانەیەک. ئەوە چیرۆکی بانگەوازێکە، نەک ماڵئاواییەک. بەهەزاران لاوی وەکو فیراس لە چیاکانی کوردستان، لە کۆڵانەکانی کۆبانێ، لەناو ڕیزەکانی ئازادیی ڕۆژئاوا سوێندیان خواردووە و وتوویانە 'ئێمە بۆ ئەم گەلە دەژین، بۆ ئەم خاکە گیانی خۆمان فیدا دەکەین'. بەشانازییەکی زۆرەوە دەڵێین، 'هاوڕێ فیراس، ڕێگای تۆ ڕێگای ئێمەیە!'