کۆرکماز: پێویستە بزووتنەوە کوردییەکان پەرە بە سیاسەتێکی هاوسەنگ بدەن؛ ڕۆژئاوا نموونەیە

پسپۆڕی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان د. تۆرۆس کۆرکماز ئاماژەی بە هەستیاری دۆخی ئێران کرد و ڕایگەیاند، پێویستە کوردان پەرە بە سیاسەتێکی هاوسەنگ و بەرفروان بدات لە ئێران و وتی: "ڕۆژئاوا بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆدێلێکی گونجاوە."

د. کۆرکماز کە ئەکادیمیست لە زانکۆی زیوریخ  و پسپۆڕ لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆسەر حەماس و حیزبوڵا، کاریگەرییەکانی ئێرانی لە ناوچەکە کەم کردەوە و بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دۆخێکی نوێی لە سوریا دروستکردووە. دکتۆر کۆرکماز ئاماژەی بەوەدا کە لە یەکەم ڕۆژدا ئیسرائیلدا فەرماندە باڵاکانی ئێرانی کوشت و زیانی گەورەی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی گەیاند، ئەمە لاوازی دەوڵەتی ئێرانی نیشاندا و وتی: "سەرەڕای ئەوەش ئێران هەمان شەو بە هێرشی ئاسمانی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کەسانی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە."

وڵامدانەوەیەکی نەتەوەپەرەستیانەی فارس

هەروەها دوکتور کۆرکماز بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووخانی کورتخایەنی  هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا ڕوویدا لەم بوارەدا جێگای باس نییە و وتی: "هەرچەندە بەشێکی زۆری کۆمەڵگادا دژی ڕێژیمی ئێرانن، بەڵام کاتێک وڵات لە ژێر هێرشی دەرەکیدا بێت، وڵامدانەوەی نەتەوەپەرەستی سەرهەڵدەدات. کۆمەڵگای فارس کە زۆرینەی گەلانی ئێران پێکدەهێنن، لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی دەرەکیدا، خۆیان لە هەر جۆرە ڕاپەڕینێکی گشتی دژی ڕژێم بەدوور دەگرن.

زمان و سیاسەتێکی هاوسەنگ بۆ کوردان

د. کۆرکماز رایگەیاند، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکان لە ئاستێکی بەرز و بە شێوەیەکی ڕێکخستنی لەم پڕۆسەیەدا بەڕێوە دەچێت و وتی: "لەم خاڵەدا بەیاننامەی پەژاک وێنەیەکی نەرێنی دروست ناکات و ڕەهەندێکی ئەرێنی بوو. بۆ کوردان پرۆسەکە زۆر ئاڵۆز و هەستیارە. لە ئێستادا کە ڕژێم لاواز بووە، بەڵام هێشتا نەڕووخاوە، لایەنگیری دەربڕینی ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل ڕەنگە لێکەوتەی خراپی لێبکەوێتەوە، بۆیە پێویستە بزووتنەوە کوردییەکان لەم کاتەدا زمان و سیاسەتێکی هاوسەنگ پێشبخەن."

کاریگەری لەسەر تورکیا

د. تۆرۆس کۆرکماز ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا بەشداری لە هیچ ڕۆڵ و ئۆپەراسیۆنێک لە ئێراندا ناکات و ڕایگەیاند هەتا ڕژێم نەڕووخێت سیاسەتی چاودێری و سەیرکردن پەیڕەو دەکات. بەڵام کاتێک ڕژێم ڕووخا، ڕەنگە ئازەرییەکان لە ناوچەکە بە هاوکاری ئازەربایجان سیاسەتی دەستێوەردانی سەربازی پەیرەو بکەن، لەبەر ئەوە دروستبوونی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی داواکاریی خۆبەڕێوەبەری کورد لە هەرێمەکە، بۆیە لەوانەیە ئەم ببێتە هۆی ئەوەی تورکیا بە خێراتر پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکات."

دوکتور تۆرۆس کۆرکماز لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران لەم پرۆسەیەدا نەڕوخێت، لەوانەیە دەسەڵاتی ناوەندی خۆی زیاتر بەهێزتر بکات و وتی: "سیاسەتەکانی ئازادیی بۆ ژنان، لە گروپەکانی گەلانی کورد، تورک، عەرەب و ئازەریدا وەڵامێکی جددی لێدەکەوێتەوە، لەم ڕووەوە ڕۆژئاوا بۆ سەرجەم جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نمونەیەکی گونجاوە."