ئیمام‌ئۆغلو: دەبێت کۆمیسیۆن لە پەرلەمان پێکبهێنرێت

ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو دەربارەی سەردانی هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند بۆ ئاشتی و چارەسەرێکی درێژخایەن دەبێت لە پەرلەمان کۆمیسیۆن پێکبهێنرێت.

سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو لە زیندانی مەڕمەڕە، دەربارەی سەردانی ١٩ی حوزەیرانی دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو ڕایگەیاند سەردانی هاوسەرۆکانی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان گرنگ و بەهادار بووە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و هەنگاوە پێویستەکانی ئاشتی و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە و چەندین بابەتی تر وتوێژیان کردووە.

ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلو، گوتی: "بەبڕوای من، بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنرێت و کۆمیسیۆن لە پەرلەمان پێکبهێنرێت.

لەگەڵ هەموو هاوڵاتیانی تورک و کورد بە خوشک_برایەتی و پشتیوانی، ڕابردوو لەدوای خۆمان جێدەهێڵین و داهاتووییەکی هاوبەش بنیات دەنێین. بەم بۆنەیەوە، سوپاسی هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەکەم کە سەردانیان کردم و بۆچوونە گرنگەکانی خۆیان لەگەڵمدا هاوبەش کرد".