بە دیمەن

کەژەکە: دەبێت ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بکەینە قیبلەنمای ژیانمان

کەژەکە پەیامێکی نارد بۆ ١٩هەمین فیستیڤاڵی ژنانی زیلان و گوتی: "پێویستە زیاتر ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بخوێنینەوە و تاوتوێی بکەین و بیکەین بە قیبلەنمای ژیانمان. پێویستە لەڕێگەی شۆڕشی ژندا، هەموو شوێن و ساتێک بگۆڕین بۆ هێزی ڕێکخراوی ژنان".

١٩هەمین فیستیڤاڵی ژنانی زیلان لە شاری لیڤەرکوزنی ئەڵمانیا بە جۆشێکی مەزن بەردەوامە، فیستیڤاڵەکە بە خوێندنەوەی پەیامی کەژەکە بەردەوام بوو.

لە پەیامی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) هاتووە:

"بۆ ژنان و گەنجان و گەلی شکۆدارمان و دۆستە هێژاکانمان!

لە کانگای دڵمانەوە سڵاو دەنێرین بۆ هەموو بەشداربووان کە سیمبولی ئازادی و بەرخۆدان و تێکۆشان و هیوان، بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ڕێگەی ئازادیدا هەنگاوێک دەنێن.

بەجۆشێکی مەزنەوە سڵاو دەنێرین بۆ ١٩هەمین فیستیڤاڵی ژنانی زیلان کە بە درووشمی "بە ژن ژیان ئازادی، دەسکەوتەکانی ژنان بپارێزە" کراوەتە دیاری بۆ شەهیدانی ژنی تێکۆشانی ئازادیی ٥٢ ساڵەمان. ئەمڕۆ بە پێداگریی دانانی بناغەی شۆڕشی ژن و ئازادی و یەکسانی، بە کەیفخۆشی پاراستنی میراتی بەرخۆدانەوە لێرەین.

ئێمە بە مانیفێستۆی ڕزگاریی ژنی سەدەی ٢١ ـی ڕێبەر ئاپۆوە، پێمان نایە ساڵی ٢٠٢٥. ئەم مانیفێستە وەک بانگەوازێکی هاوبەش قبووڵ دەکەین؛ وەک هەر ژنێک، بە دڵ و زیهنی خۆمان ئاگری ئازادی گەشدەکەین و شان بە شان هەنگاودەنێین بۆ مەزنکردنی شۆڕشی ژن. وەک ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکانی ژیان بۆ یەکسانی و ئازادی و دیموکراسیی یەکمان گرتووە، بە یەک دەنگ سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ، ئەم قۆناغەی وەک ڕێنێسانسی ژن و ڕۆشنگەریی ژنی ئازاد هەڵسەنگاند، هەمووی گۆڕی بۆ بەهار و بە تێکۆشانی ئازادی تاجداری کرد.

ژنان بەو پێداگرییەوە کە پێشەنگایەتییان لە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کرد، وەک هەر چوارپارچەی کورستان و وڵاتانی ئەوروپاش لە گۆڕەپان و شەقامەکاندا بوون. ژنانی کورد لە هەموو جێیەک پێداگرییان لەسەر ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی کرد، لەلایەک هەڵوێستیان نیشاندا دژی توندوتیژیی پیاوسالاری، لەلایەکی تریش پێداگربوون لەسەر پێشەنگایەتیکردنی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک".

ئەمڕۆ ژنانی کورد لە ڕێگەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاددا لە هەموو کاتێک زیاتر پێداگرن و هەموو جۆرە ئاستەنگێک تێدەپەڕێنن. وەک کەژەکە لە کانگای دڵمانەوە سڵاو لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لەم ڕێگەیەدا هەنگاودەنێن، لە هەموو هەنگاوێکدا بەرخۆدانی خۆیان نیشان دەدەن و هەموو ساتێک بۆ ئازادی خۆیان فیدا دەکەن.

سەدەی ٢١ دەبێتە قۆناغێک کە دەنگی ژنان لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر دەبیسترێت. تێکۆشانی ژنان، بێجگە لەوەی پێکهێنەری کۆمەڵگەیە، بەڵکو خاوەنی هێزی سەرلەنوێ شێوەپێدانی جیهانە. ئەو ژنانەی هەموو سنوورێک تێپەڕدەکەن و یەکدەگرن، تەنها دژی نایەکسانی کۆمەڵایەتی هەڵوێست نیشان نادەن، هاوکات بە پێداگریی بنیاتنانی جیهانێکی ئازاد و یەکسانەوە هەنگاودەنێن. ئەمڕۆ ئیتر درووشمی "ژن ژیان ئازادی" وەکچۆن چەترێکی هاوبەشە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی پیاوسالاری و کەلتووری ڕەگەزپەرستی، هاوکات مانیفێستۆیەکی هاوبەشە کە ژنان ناسنامە و مێژوو و ئازادیی خۆیانی تێدا بنیات دەنێن.

دوایین بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، ئاستی تەڤگەری ژنانی بەهێزتر کردووە، ئەرک و بەرپرسیارێتی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی مەزنتر کردووە. سەرەڕای هەلومەرجی توندی گۆشەگیری ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆ هیوای بەخشی بە ژنان، بەرخۆدانیانی پتەوتر کرد، بەهۆیەوە تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە. بۆیە پێویستە زیاتر ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بخوێنینەوە و تاوتوێی بکەین و بیکەین بە قیبلەنمای ژیانمان. پێویستە لەڕێگەی شۆڕشی ژندا، هەموو شوێن و ساتێک بگۆڕین بۆ هێزی ڕێکخراوی ژنان.

نابێت لەبیرمان بچێت؛ بە شۆڕش و ڕێنێسانسی ژنان، ئیدی هەموو سەردەمێک هی ئێمەیە. ژنان بۆ ئازادیی خۆیان، مێژوو دەنووسنەوە، هەموو ڕۆژێک سەرلەنوێ هەبوونی خۆیان بنیات دەنێن. ئێمە دەبینە دەنگی هەر ژنێک و پێشەنگایەتی تێکۆشانی ژنان دەکەین. لە هەر جێیەک هاواری ئازادی هەبێت، ئێمە لەوێین. چونکە ئێمە دەزانین ژنان جیهان ئازاد دەکەن و ئایندە ڕۆشن دەکەنەوە.

لەسەر ئەم بناغەیە، بەوپەڕی خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەموو ژنان و بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە دەکەین و دەڵێین "ژن ژیان ئازادی!".

پاش خوێندنەوەی پەیامەکە، درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و چەپڵە لە گۆڕەپانەکە دەنگی دایەوە.