با بۆ ئێرانێکی دیموکراتیک هێزی خۆمان یەکبخەین

با بە ناسنامەی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئێرانێکی دیموکراتیک هێزی خۆمان یەکبخەین. با بە هاوپەیمانێتیی ژنان، ناسنامە و هەڵوێستی هاوبەشی ژنان، تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتیک و ڕێکخستن تۆکمەتر بکەین.

ئەو شەڕە سەختەی کە ١٣ـی حوزەیران لەنێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد، چاوەڕوانکراو بوو. کاتێک شەڕ لەنێوان دوو هێزی هەژموونخواز دێتەکایەوە، بێگومان دەبێت باس لەوە بکرێت و لەو بارەیەوە بنووسرێت کە کێ سوودمەند دەبێت.

لە دێرزەمانەوە تا ئێستا شەڕی کرێخۆری لە سەر سامانی خاک و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بووە، هەرگیز سوودی بۆ گەلان نەبووە، بەڵکو زیانێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە. ئیسرائیل-فەلەستین-غەززە و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، کۆمەڵکوژی کۆمەڵگەی عەلەوی و دروز و هێرشەکان بۆ سەر گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ بە شەڕی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت ئەم شەڕە کە لە پێناوی کرێخۆریی و سیاسەتی هێزە هەژموونخوازەکاندا شارەکان وێران دەکات، جێگەی قبوڵکردن نییە. لەم شەڕەدا لە کۆمەڵکوژی کۆمەڵگاوە تا گۆڕانکاری جوگرافی، زیانی گەورە دەبینرێت. دەسەڵاتدارەکان دەبێت هەستیاری کۆمەڵگەکان لەبەرچاو بگرن. هەروەها لە سیاسەتی هەردوو دەسەڵاتەکەدا ڕووبەڕووی ڕاستی کۆمەڵکوژی دەبینەوە. گەل و ژن دەکوژرێن.

زۆرێک لەو کەسانەی تێکۆشانی ئازادی دەکەن، لەبەرئەوەی ناتوانن پارەیەک بۆ ماڵەکانیان ببنەوە، دژی سیاسەتی دۆگماتیک و دڕندانە سەریان هەڵبڕی، لەسێدارە دران. ژنێک لە بەرامبەر دەستدرێژییدا بەرگری لە خۆی کرد، بەڵام لەبری دەستدرێژیکار، ژنەکە لەسێدارە درا. دەبێت کردارەکانی ئەم زیهنیەتە بخرێنەڕوو.

ئەو منداڵ و گەنجانەی کە نەوەی پاشەڕۆژن، لەپشتی پەردەی سیاسەتی ئایینییەوە ئاڕاستە دەکرێن بۆ لەشفرۆشی و ئالوودەبوون. چی بڵێین سەبارەت بە سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی ئێران، هێشتا کەمە. دەتوانین چ بڵێین سەبارەت بە خەونی ئەو سەدان ژن و گەنجەی کە لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"دا کوژران؟

ئیسرائیلیش بە سیاسەتە نەتەوەپەرست و زایۆنیستەکەی خۆی ڕووبەڕووی گەلی فەڵەستین بووەتەوە. نەوەک تەنها کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی ٢١، دەبێت باسی ئەوانەی پێشووش بکەین. ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩٨ بەشداربوو لە پیلانگێڕیی دژی ڕێبەر ئاپۆ. ئیسرائیل یەکێکە لەو هێزە کاریگەرانەی کە هۆکاربوون بۆ گۆشەگیری ٢٧ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ.

لە ڕاستییدا، ئێمە لاپەڕەیەکی پاکی ئەم دوو دەسەڵاتە نابینین. هەموو کەلتوور و باوەڕەکانی وەک موسڵمان و ئێزدی و یارسانی و کاکەیی، بەتایبەت ژن و منداڵ و پیر، ڕووبەڕووی زەرەر و زیانی مەزن دەبنەوە.

لەم شەڕەدا، ژنان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. ژنان هەردەم وەک سەمایەی شەڕەکان بینراون. ئاشکرایە کە ئەم شەڕە هیچ سوودێکی بۆ ژنان نابێت. تەنها سوودی بۆ هێزە هەژموونخواز و زیهنیەتە سەرمایەدارییەکان دەبێت. ئەم شەڕە زیانی مەزنی لێ دەکەوێتەوە پەیوەست بە گۆڕانی جوگرافی.

هەمیشە باجی ئازادی قورس بووە. گەلی ڕۆژهەڵات و ئێران لەمێژە بۆ ئازادیی قوربانی زۆریان داوە و بەرخۆدانی بێ‌وێنەیان کردووە. بەتایبەت هەڵوێستی بەرخۆدەرانەی ژنانی کورد، ڕێگەی ڕاستی نیشانی کۆمەڵگە داوە. عەقڵ و ڕوانین و هەڵوێستی ژن هەردەم لایەنگری هەق و دادپەروەری بووە. ژن کەلتوور و نەریتی خۆیان پاراستووە و سەریان بۆ سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن نەوی نەکردووە.

بەتایبەت دایکانی ئێمە، بەرانبەر تاریکی، پێشەنگایەتیی باوەڕی ڕووناکییان کردووە، ئەمەشیان وەک میراتێک بۆ پاشەڕۆژ جێهێشتووە. شۆڕشەکەی ساڵی ٢٠٢٢ کە بە شلێر ڕەسووڵی و دواتر بە ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد  و بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" تەشەنەی کرد، هەموو جیهانی خستەژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئەم شۆڕشە گەیشتە ملیۆنان کەس و جیهانی هەژاند. بەم ڕاستی شۆڕشە، بۆمان دەرکەوت کە پارادایمی ئازادیخوازیی ژنی ڕێبەر ئاپۆ پەسەندکرا و خاوەنداری لێ کرا. گەل لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"دا نەوەک تەنها بەرانبەر کوشتنی کچێک، بەڵکو بەرانبەر کوشتنی ژیان سەرهەڵدانیان کرد. کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان، دیسانەوە سەریان بۆ دەوڵەتی ئێران نەوی نەکرد.

دەوڵەت جارێکی تر هێزی ڕێکخراوەی ژنانی بینی. ئەمە نەک تەنها ئێران بەڵکو هەموو جیهان بینی؛ کۆمەڵگە لیبڕاڵ و دیموکراسیەکان بە خاوەندارییەکی بەهێز وەڵامی یەکێتی ژنانیان دایەوە. ئێستا کاتی گەشەکردن و زیندووکردنەوەی ڕێکخستنی ژنانمانە.

ژنان بەرانبەر شەڕی نێوان ئێران_ئیسرائیل، دەزانن چۆنچۆنی لە چوارچێوەی پارادایمی ئازادیخوازیی ڕێبەر ئاپۆدا خۆیان ڕێکخراو بکەن. ئەو ژنانەی کە ئاشنان بە ڕێگەی ڕێکخستن، نابنە قوربانی ئەم شەڕە، بۆیە بە هەستیارییەوە نزیک دەبنەوە. ژنانی ڕۆژهەڵات بە هەڵوێستی بەرخۆدەری خۆیان، بەرانبەر توندوتیژی دەوەستنەوە و بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن.

هەنگاوی گرنگی ئەم تێکۆشانە، دەبێت لە چوارچێوەی خۆڕێکخستن و خۆپاراستندا بێت. وەکچۆن لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"دا ژنان و کۆمەڵگەکانی وەک فارس و کورد و ئازەری و بەلوچ و مازانی و گیلەک و عەرەب بەبێ جیاوازیی ئایین و باوەڕ، یەکێتیی تێکۆشانی هەقیقەتیان ئافراند، بڕوامان وایە، ئەمڕۆش ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵات خۆیان ڕێکخراو دەکەن. 

ژنان ئەم ڕووداوانە بە چارەنووس نازانن و بێدەنگ نابن. شەڕ هەرگیز چارەنووس نییە، ئەمە بەرئەنجامی سیاسەتی قێزەونی هێزە هەژموونخوازەکانە. ئەم شەڕە چەندێک قێزەونە، ئەوندەش لەڕووی جوگرافی و مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و دەروونییەوە مایەی ڕووخاندن و زیانی جددییە.

جەنگی جیهانی سێیەم شەڕێکە کە لەلایەن پیاوی هەژموونخوازەوە داڕێژراوە. کاتی ئەوە هاتووە بە هۆشیاریی ڕاستی شەڕ و دەسەڵاتدارانی کرێ‌خواز، وەک بەرەی ژنانی ئازادیخواز و دیموکراتیک هەنگاوبنێین.

ژنان بەشێوەیەکی بەهێز خاوەنداری لە خاک و مێژوو و کەلتووری خۆیان دەکەن. دەمەوێت دیسانەوە دووپاتی بکەمەوە، ڕووبەڕووی شەڕێک دەبینەوە کە هیچ سوودێکی بۆ ژنان نییە.

دەمەوێت فەرمانی شەنگال لە مێژووی نزیکدا وەک نموونە بیربخەمەوە. بۆ ئەوەی ئەمڕۆش ژنانی ڕۆژهەڵات هەمان ئازار نەچێژن، دیسانەوە بانگەواز دەکەم کە بە دیدگ و مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک خۆیان ڕێکخراو بکەن.

لە ڕۆژئاوا و شەنگال و غەززە و فەڵەستین و چەندین خاکی بەرهەمدار، ژنان و منداڵان و گەنجان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

کاتێک ڕێبەر ئاپۆ پارادایمی خۆپاراستنی خستووەتە بەردەممان، دەبێت بەدرووستی لێی تێ بگەین و جێبەجێی بکەین.

بانگەواز لە هەموو ژنانی ئێران دەکەین؛ وەرن بە هاوپەیمانی و هەڵوێستی هاوبەشی ژنان، تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتیک تۆکمەتر بکەین. دژی زیهنیەتی پیاوسالاری کە دەیەوێت هەموو شتێکی ژنان بەزۆرەملێ زەوت بکات، کاتی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کۆنفیدراڵ هاتووە. بۆ یەکێتی ژن و کۆمەڵگە، بانگەوازدەکەین بۆ تێکۆشانی هاوبەش. با بە ناسنامەی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئێرانێکی دیموکراتیک، هێزی خۆمان یەکبخەین.