زیندانیان لە زیندانی ئەوین پەیامێکیان دژی شەڕ بڵاوکردەوە
چوار ژنە زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوینی ڕژێمی ئێران پەیامێکیان دژی شەڕ بڵاوکردەوە و گوتیان: "ڕزگاری گەلانی ئێران لە دیکتاتۆرییەت تەنیا بە تێکۆشانی گەلان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان بەدی دێت".
چوار ژنە زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەوینی ڕژێمی ئێران پەیامێکیان دژی شەڕ بڵاوکردەوە و گوتیان: "ڕزگاری گەلانی ئێران لە دیکتاتۆرییەت تەنیا بە تێکۆشانی گەلان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان بەدی دێت".
هەریەکە لە وریشە مورادی، ڕەیحانە ئەنساری، سەکینە پەروانە و گوڵڕۆخ ئیرایی، ژنە زیندانییانی سیاسیی، کە لە زیندانی ئەوینی تارانن، دەربارەی شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران نامەیەکیان بڵاوکردەوە.
نامەکە دوێنێ ١٨ـی حوزەیران لە هەژماری تایبەتی گوڵرۆخ ئیرایی لە تۆڕی ئێکس (توویتەری پێشوو) بڵاوکراوەتەوە.
“لە ڕێگەی کۆمەڵکووژی و کوشتنەوە سەروەت و سامانی پەیداکرد، لەڕێگەی داگیرکارییەوە بوو بە خانەخوێ و بەدرێژایی ژیانی لەڕێگەی شەڕانگێزی و جینۆسایدەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردە سەنگەرێکی شەڕی بێکۆتایی.
لە پەیامەکەدا ئاماژە کراوە بە تاوانەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە، دەڵێن: "دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئیسرائیل وەک بنکەیەکی گەورەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵدا، نوێنەری هەرێمی زلهێزەکان بوو، وە لە ڕێگەی جینۆسایدەوە دڕندەیی خۆی بە هەموو جیهان نیشان دا، سەرەتا لە فەلەستین، دواتر لە عێراق، ئەفغانستان، سووریا، یەمەن و دواجاریش لە غەزە. لەکاتێکدا هیچ کام لەم وڵاتانە بۆمبی ئەتۆمی یان ئامادەکاری یۆرانیۆمی پیتێنراویان نەبووە".
هەروەها دووپاتکراوەتەوە: "بەڵام دیموکراسی ڕۆژئاوای هەمیشە بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت بۆ ڕەوایەتیدان بە دڕندەیی بەردەوامی خۆی و بەحسابی خۆی وێنە دیموکراتیکەکەی خۆی بپارێزێت".
ژنە زیندانییەکان جەخت دەکەنەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هەردەم شەڕ و وێرانکارییان بۆ هەرێمەکە هێناوە، دەڵێن: "ئازادیی گەلی ئێران نەک بە دانانی ئومێد بە هێزە دەرەکییەکان، بەڵکو بە تێکۆشانی ڕێکخراوەیی گەلان و سەفەربەرکردنی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت، ئەم هێزانە کە ساڵانێکە هەرێمەکەمان دەچەوسێننەوە و لە ڕێگەی شەڕەوە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن، تەنیا کۆلۆنیالیزمێکی نوێ و وێرانکارییەکی زیاترمان بۆ دێنن".