حکومەتی ئەڵمانیا: زانیاریمان دەربارەی کێلی فریگانگ نییە

حکومەتی ئەڵمانیا دەربارەی شۆڕشگێڕی ئەنتەرناسیۆنالیست کێلی فریگانگ کە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدبوو، ڕایگەیاند بێجگە لە زانیارییەکانی نێو میدیا، هیچ زانیارییەکیان نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەربارەی گەریلای یەژاستار کێلی فریگانگ کە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدبوو، ڕایگەیاند بێجگە لە زانیارییەکانی نێو میدیا، هیچ زانیارییەکیان نییە. ئەم ڕاگەیاندراوە لە چوارچێوەی وەڵامێکدا بوو بۆ پێشنیازنامەی وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی چەپ جانسو ئۆزدەمیر.

حکومەتی ئەڵمانیا، گوتی: "بێجگە لە زانیارییەکانی نێو میدیا، هیچ زانیارییەکیان نییە".

پەرلەمانتاری هامبۆرگ جانسو ئۆزدەمیر پێش هەفتەیەک ئەم پرسیارەی لە حکومەت کرد:

"کێلی فریگانگ (٣١ ساڵ) لەدایکبووی هامبۆرگ، لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک گیانی لەدەستدا. لەماوەی ڕابردوودا، وەک دەزانرێت تەکنۆلۆژیای چەکی ئەڵمانیا وەک پارچەیەک بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری بەیرەقدار بەکارهێنراوە. بەپێی هەواڵێک کە ٣ ی حوزەیران لەلایەن کۆمەڵگەی ئازادەوە بڵاوکرایەوە، کێلی فریگانگ لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری بەیرەقدارەوە کراوەتە ئامانج. ئایا حکومەتی ئەڵمانیا دەزانێت لە کوشتنی کێلی فریگانگدا چەکی ئەڵمانی ڕۆڵی هەبووە یان نا؟".

لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هاتووە: "حکومەتی فیدراڵ دەربارەی دۆسیەی فریگانگ بێجگە لە زانیارییەکانی نێو میدیا، هیچ زانیارییەکی بەردەست نییە".

جانسو ئۆزدەمیر قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین، دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا هێرشەکانی تورکیا کە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانن شەرمەزاربکات و لێکۆڵینەوەی لێ بکات، بزانێت ئاخۆ چەکی ئەڵمانیا ڕۆڵی لە کوشتنی کێلی فریگانگ هەبووە یان نا، کەچی هێشتا بێدەنگە. لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەڵمانیا بە بەهای ٣٤٦.٨ ملیۆن یۆرۆ چەکی بە تورکیا فرۆشتووە. بەشێک لەمەش بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری بەیرەقدار بەکارهاتووە، هەمان ئەو سیستەمی چەکەی لە کوشتنی کێلی فریگانگ بەکارهاتووە.