کاوێز مەلا پەروێز: سوپای تورکیا هیچ بەهانەوەیەکی نەماوە بۆ بوونی لە باشوور و ڕۆژئاوا

کاوێز مەلا پەروێز نووسەر و چاودێری سیاسی بەگرنگییەوە لە پرۆسەی چارەسەری ئاشتیی ڕوانی و گوتی: "سوپای تورکیا هیچ پاساوێکی مانەوەی نەماوە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان".

کاوێز مەلا پەروێز نووسەرو شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات(ANF) ، سەبارەت پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا، وە ئەنجامدانی ١٢ـەمین کۆنگرەی پەکەکە و ڕاگەیاندنی گواستنەوەی چالاكییە سەربازییەكانی پەكەكە بۆ خەباتی سیاسی دوا و گووتی، پرۆسەی ئاشتی درێژ خایەنیش بێت لە شەڕ و جەنگ باشترە، ئیتر بەهانەی سوپای داگیرکەری تورکیا نەما لە خاکی باشور و رۆژئاوای کوردستان بمێنیتەوە و پێویستە دەستوەردانەکانی لە تەواوی کوردستان بوەستێت، هەروەها ئاماژە بەوەش کرد کە پیویستە کورد ئەڵتەرناتیفی هەبێت و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک بکات لە ئەگەری سەرکەوتن یان شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی.

'پرۆسەی ئاشتی ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکە دەبێت'

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، کاوێز مەلا پەروێز نووسەر و چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: "ئاشتی ئەگەر درێژخایەنیش بێت و ئەنجامەکەی بە ساڵان بخایەنێت باشترە لە شەڕ، ئەو پرۆسەی ئاشتییە سەرۆک ئاپۆ ڕایگەیاندووە پێم وایە کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا بەشێک لە خواستەکانی کورد بێتەدی، ئەگەر ئەم پرۆسەیە هەمواری دەستوری تورکیاشی بە دوایدا بێت کە لەڕووی یاساییەوە دۆخێک بێتە پێش کە کورد هەست بە پەراوێز کراویی و غوب نەکات لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی بەشدار بێت، پێم وایە ئەنجامەکەی زۆر باشتر دەبێت و ڕەنگدانەوەی زۆر باشی لەسەر ناوچەکە دەبێت، جا دەوڵەتی تورک چەند جدییە لەم پرۆسەیە ئەمە پرسێکی دیکەیەو کورد دەبێت بۆ ئەو ئەگەرانەش خۆی ئامادە بکات، دەبێت کورد ئامادەبێت بۆ ئەوەی دوای ئەم پرۆسەیە چی دێت ئەگەر سەرکەوتوو بوو، لە هەمان کاتدا کورد خۆی ئامادە بکات بۆ ئەگەری ئەوەی ئەگەر پرۆسەکە شکستی هێنا ئەڵتەرناتیفی کورد چی بێت، ئایا دێژەدانە بە خەباتی چەکدار یان بەشێوەک لە شێوەکان لە چوارچێوەی خەباتی پەرلەمانی خۆی کۆبکاتەوە، دەبێت کورد کار لەسەر هەموو ئەگەرەکان بکات بەڵام نابێت لە پرسی چارسەری لە تورکیا بێ هیوا بێت".

'دوژمنی سەرسەختی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیا بووە'

هەروەها سەبارەت بە کاریگەری پرۆسەی ئاشتی لەسەر تەواوی پارچەکانی کوردستان وە گواستنەوە پرۆسەی ئاشتی بۆ رۆژهەلاتی کوردستان و چارەسەکردنی دۆزی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەتایبەتی لە دۆخی ئیستای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ناوبراو گووتی: "دەستپێکردنی پرۆسەیەکی هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان ئەگەر ئەنجامی هەبێت بێگومان کاریگەری زۆری ئەبێت لەسەر تەواوی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەو ناوچەنەی کوردی تێدایە، بێ گومان دوژمنی سەرسەختی کورد لە سەد ساڵەی ڕابردوو دەوڵەتی تورک بووە، تورک نەیهێشتووە کورد لە هیچ شوێنێک هەناسە بدات و بە ئاشکرا دەستوەردانی کردووە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و شارەکانی وەکو کەرکوک شارەکانی دیکەی باشور، بێگومان سیاسەتی دەوڵەتی تورک ئەوە بووە کە نابێت کورد لە هیچ شوێنک بوون و قەوارەو مۆرک جێ پەنجەیەکی هەبێت، بۆیە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی هەبێت ئەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆی کورد و لە تەواوی جیهان و کوردستان دەبێت،  بۆیە پرۆسەی ئاشتی گرنگەو هیوا ئەخوازم پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی هەبێت و شکست نەهێنێت".

'سوپای تورکیا چیتر بەهانەی مانەوە لە باشور و رۆژئاوا نەماوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو نووسەر و چاودێری سیاسییە، باسی لە نەمانی بەهانەی مانەوە سوپای داگیرکەری تورکیا لە باشوری و رۆژئاوای کوردستان کرد لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و گووتی: "لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بیانوی تورکیا نامینێت کە لە باشوری کوردستان بمێنێتەوە، تورکیا پێویستی بە دەستوەردان و مانەوە لە خاکی باشوری کوردستان و عێراق نابێت، وە کارتێ بەهێزی دەبێت ئەگەر پرۆسەکە سەبکەوێت، تورکیا دۆستی کورد بێت لە ناوخۆی خۆی دۆزی کورد چارەسەر بکات  ئەوە لە پارچەکانی دیکەش تورکیا دەبێتە دۆستی کورد لەبری دوژمن چونکە چارەسەری دۆزی کورد لە ناوخۆی تورکیا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تەواوی بەشەکانی کوردستان هەیە، ئەمە کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا دەبێت بەم شێوەیە کارتی بەهێزی دەبێت بەرامبەر عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکەو چیتر پێویستی بەهێزی سەربازی نابێت لە ناوچەکە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی ئەنجام بگرێت پێویستە کۆمەڵێ دۆسیە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت یەکیک لەو دۆسیانە عەقڵیەی عەسکەرتاریەتی تورکیایە".