دەنیز پۆیراز کە لە هێرشکردنە سەر بینای ڕێکخستنی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ئەزمیر شەهیدکرا، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لە گۆڕەپانی شیشخانەی ئیستەنبوڵ بە چالاکییەک یادکرایەوە. تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، دایکانی ئاشتی، کۆمەڵەی کاتی ژنان، کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەوییەکان و زۆر کەس بەشداربوون. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "دەنیز پۆیراز نامرێت" هەڵگیرا و درووشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی ڕێکخستنی دەم پارتی ئیستەنبوڵ عارفە چنار، ڕایگەیاند ژنان هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و گوتی: "بکوژانی دەنیز شەرمەزار دەکەین. ئاشتی لەم وڵاتە بنیات دەنێین و ژیانی یەکسان مسۆگەر دەکەین".
پاشان ڕاگەیاندراوێک لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێکخستنی دەم پارتی ئیستەنبوڵ گیزەم کوزوک خوێنرایەوە، ڕایگەیاند دەنیز لەلایەن "بکوژانی سەر بە هێزە تاریکەکان"ـەوە کرایە ئامانج، گوتی: "بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە ئەم وڵاتە دەبێت دان بە ڕاستییەکاندا بنرێت. بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان، ژیانی یەکسان و ئازاد بنیات دەنێین. ڕۆژێک دێت، ئاشتی دەکەینە دیاری بۆ دەنیز و لێپرسینەوە لە بکوژان دەکەین".
چالاکییەکە بە درووشمی "دەنیز پۆیراز نامرێت" و "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.