لە سحێلا هێرشێکی داعش تێکشكێندرا

هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ هێرشێکی چەتەکانی داعشیان بۆ سەر خاڵی پشکنینی شارۆچکەی سحێلای دێرەزۆر تێکشکاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان هێرشێکی چەتەکانی داعشیان بۆ سەر خاڵی پشکنینی شارۆچکەی سحێلای ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی دێرەزۆر تێکشکاندووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "کۆمەڵێک تیرۆریست دوێنێ هەینی (٢٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥) کاتژمێر ٢٢:٣٠ بە مۆتۆڕسکیلێک و چەکی سوک هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی فولکەی عەتال لە شارۆچکەی سحێلا. هێزەکانمان بەبێ هیچ زیانێک وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە چەتەکانیان بە هەڵهاتن کرد."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "لە ماوەی ڕابردوودا بەتایبەت لە سحێلا، دیبان و بسێرا و زۆربەی شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر شانەکانی داعش هێرشەکانیان زیادی کردووە."

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاشکرای کردووە، ڕێوشوێنەکان دژی چەتەکان بەردەوامییان دەبێت تاوەکو بە تەواویی لەناودەبرێن. هەروەها داوا لە دانیشتووانی گوندەکان کرا، هێزەکانیان لە هەر جموجوڵیکی گوماناوی ئاگادارییان بکەنەوە."