ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەربارەی کوشتنی گەنجێک بە ناوی مستەفا جەمیل شێخۆ لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و ئەم کارەی شەرمەزار کرد، جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هێڤین سلێمان بە ئامادەبوونی ئەندام و نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان لە گۆڕەپانی شەهیدان لە شێخ مەقسوود، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە دەکات بە ڕێککەوتنی نێوان فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع کە ١٠ ی ئادار واژۆکرا، هەروەها ئاماژە دەکات بە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەی کە ١ ی نیسان کە لە نێوان ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و نوێنەرانی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا واژۆکرا.
ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی خاڵی ٨ و ٩ ی ڕێککەوتنەکە: "دەبێت هاوتوچۆی دانیشتووانی دوو گەڕەکەکە ئازادانە بێت. نابێت هەر کەسێک کە دەستی لە خوێنی سورییەکاندا نەبووە و پێش ڕێککەوتنەکە داواکراو بووە، دەستگیر بکرێت.
بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی نێوان حەلەب و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆمیتەیەکی هەماهەنگی پێکدەهێنرێت".
ئەنجوومەنەکە ڕایدەگەیەنێت بەم دواییانە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە پێشێلکراون، ڕووداوەکانی ڕفاندن و چەوساندنەوە و کوشتن دژی کوردان بەتایبەت لە عەفرین زیاتر بوون. هەرە دوایی، لە عەفرین گەنجێک بە ناوی مستەفا جەمیل شیخۆ کوژرا و شۆفێری بارهەڵگرێک لەسەر ڕێگەی حەلەب_دێر حافر لەلایەن خاڵەکانی پشکنینەوە ڕفێندرا.
ئەنجوومەنەکە بەتوندیی ئەم پێشێلکارییانە ڕەتدەکاتەوە و ڕووداوەکانی کوشتن و ڕفاندن لە عەفرین و سەرتاپای سوریا شەرمەزار دەکات.
ئەنجوومەنەکە ڕایدەگەیەنێت ئەوان پابەندن بە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەر، دەبێت حکومەتیش بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە بجووڵێتەوە و کۆمەڵگەی سوریا بپارێزن.
داوا دەکەن لێپرسینەوە لەتاوانباران لە عەفرینی داگیرکراو و تەواوی سوریا بکرێت، بەبێ مەرج زیندانیان ئازادبکرێن و نوێنەرانی حکومەت بەگوێرەی ڕێککەوتنی ١ ی نیسان بجووڵێنەوە.