لە هێرشێکی داعشدا لە دێرەزۆر کارمەندێکی مەدەنی شەهید بوو

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی قەسەدە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەتەکانی داعش لە دێرەزۆر کارمەندێکی مەدەنی شەهید بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، شانەیەکی چەتەکانی داعش هێرشێکیان بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ئەنجوومەنی مەدەنی شاری محیمیدەی دێرەزۆر ئەنجامدا و لە ئەنجامی هێرشەکە کارمەندێک شەهید بوو.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە هێرشەکە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە، دوو چەتەی داعش بە مۆترسکیلێکەوە دەستڕێژی گولـلەییان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە لە ئەنجامدا کارمەندێکی مەدەنی شەهید بووە. ئاماژەش بەوەکراوە دواتر چەتەکان لە جێگەی ڕووداوەکە هەڵهاتوون.

قەسەدە ڕایگەیاند کە یەکینەکانیان بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ دۆزینەوەی چەتەکان دەستپێکردووە.