١٧٨ کەس بە ویستی خۆیان کەمپی هۆلیان بەجێهێشت

١٧٨ کەس بە ویستی خۆیان کەمپی هۆلیان بەجێهێشت و بەرەو شاری حەلەب بەڕێ کەوتن. ئەم پرۆسە نوێیەی گەڕانەوە، بە هەماهەنگی لایەنە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا بەڕێوەدەچێت.

لە چوارچێوەی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی کۆچبەران، ئەمڕۆ بەشی یەکەی "کاروانی هیوا" لە کەمپی هۆلەوە بەرەو حەلەب بەڕێ کرا.

بەشی یەکەم لە ٤٢ خێزان پێکدێت کە ١٧٨ کەس لەخۆدەگرێت، بەرەو شاری حەلەب بەڕێکران.

کاروانی کۆچبەران بە چاودێری ئیدارەی کەمپی هۆل، بە هەماهەنگی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کرێکارانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە ئامادەبوونی ناوەندی لێکۆڵینەوە و یەکێتیی پشتیوانی سەقامگیریی حەلەب، هەروەها بە هاوکاری کۆمیسیاری باڵای کاروباری کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامادەبوونی نوێنەرانی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەڕێکرا.

پێش ناردنی کاروانەکە بەرەو حەلەب، لایەنە بەشدارەکان ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد. پاشان ئیدارەی کەمپی هۆل بە هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، هاوسەرۆکی ئیدارەی کەمپی هۆل، جیهان حەنان ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی بڕیاری گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سوری بۆ ناوچەکانی خۆیان کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ واژۆی لەسەر کردووە و هەروەها لە چوارچێوەی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان، وە لەسەر داوای سورییەکان لە کەمپی هۆڵ کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە ئاوارە بوون، بڕیار درا ڕێگە بە ١٧٨ کەس یان ٤٢ خێزانی خەڵکی حەلەب بدرێت تا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی گەڕانەوەی خۆویستانە و بێ فشار بۆ دەرچوون لە کەمپەکە، دراوە".

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەین بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی تەواوی سورییەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، ڕێز لە خواست و شکۆی ئەوان دەگرین".

لە کەمپی هۆل نزیکەی ١١ هەزار کۆچبەری خەڵکی سوریا هەن.