لە کانتۆنی جزیرە ڕێپێوان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا

لە شاری تل براکی کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خواستی ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوان و گردبوونەوە ئەنجام درا.

بە پێشەنگایەتی کۆنگرە ستاری شاری تل براکی کانتۆنی جزیرە، ئەمڕۆ بە سەدان لە دانیشتوانی تل براک، ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بە خواستی ئازادی جەسەتەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانێکی بەرفروانیان ئەنجام دا.

جەماوەر لە دەرگای ڕۆژئاوای هاتنەژوورەوەی شارەکەوە ڕێپێوانەکەیان دەستپێکرد، وێنەی ڕێبەر ئاپۆییان بەرزکردەوە و درووشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی"یان گووتەوە.

ڕێپێوانەکە لە فولکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە و خولەکێک ڕێزگیرا لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری. دواتر ئەندامی کۆنگرە ستاری تل براک زەهرا موتڵەق قسەیکرد و جەختی لە بەردەوامی تێکۆشانیان کردەوە تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

زەهرا موتڵەق پەیوەست بە پرۆسەکەوە بانگەوازی لە دەوڵەتی تورک کرد دان بە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورددا بنێت. هەروەها بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد لە ئاسات زیندانیکردنی ڕێبەر ئاپۆدا کۆتایی بە بێدەنگییەکانی بهێنێت، هەروەها کۆتای بە سیستەمی قڕکردن بهێنێت و  فشار لەسەر دەوڵەتی تورکیا بکات تا ئەوەی مافی هیوایی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکات.

چالاکییەکە بە سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و شەرمەزارکردنی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردن کۆتای هات.