نەمانی ئینتەرنێت؛ کۆچبەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە تاراوگە نیگەران کردووە

کێشەی پچڕان و نەمانی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی سەختکردووە. هاوڵاتیاینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، نەبوونی هۆکاری پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نیگەرانی کردوون.

سنوورداربوونی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوێنێ سێشەممەوە زیاتربووە، لەکاتێکدا پۆلیسی ئینتەرنێت (فەتا)  هێرشی ئەلیکترۆنی بە هۆکاری ئەو کێشەیە دەستنیشانکردووە، بەڵام بەشێک لە دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەئەنقەست دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی بە ئینتەرنێتی ئازاد سنووردار کردووە بەمەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری بەبۆنەی پێشهاتەکانی ئەم دواییە کە لەماوەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ڕوویدا.

پچڕانی ئینتەرنێت بۆ ئێرانییەکان و هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن نیگەرانی دروستکردووە، بەو پێیەی ناتوانن پەیوەندی بە کەسوکارییانەوە بکەن.

شایەنی باسە، جاری یەکەم نییە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتییان لە ئاڵۆزییەکاندا ڕووبەڕووی سنوورداربوونی ئینتەرنێت دەبنەوە، لە ساڵانی ڕابردوو و لەماوەی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو هاووڵاتییان ڕووبەڕووی سنوورداربوونی سەختی ئینتەرنێت بوونەوە.