لە کەرکوک کۆڕی "ڕووەكی ئاواییەكانی كەركوک" سازکرا
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "ڕووەكی ئاواییەكانی كەركوک" کۆڕێک بۆ نووسەر و مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز سازکرا.
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "ڕووەكی ئاواییەكانی كەركوک" کۆڕێک بۆ نووسەر و مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز سازکرا.
کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كتێبخانەی كارێز لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، هونەرمەند، چالاکوان و مێژووناس، لە کۆڕێکدا لەژێر ناونیشانی "ڕووەكی ئاواییەكانی كەركوک" مامۆستای مێژوونووس و كەركوكناس، سمكۆ بەهرۆز بابەتێکی پێشكەش بە ئامادەبووان کرد، کە تێیدا نووسەر جەختی لەوەکردەوە هەموو ئەو ڕووەک و گیایانەی لە کەرکوک دەڕووێن هەمان ئەو ڕووەک و گیایایەن کە لە کوردستان دەڕووین و کەرکوک خاکی کورد و کوردستانە.
مامۆستا سمكۆ بەهرۆز لە ڕێی دانانی ئینسایكلۆپیدیاوە گەنجینەیەكی بۆ شاری كەركوکی باشوری کوردستان گەڵاڵە كردووە.
بابەتی ئەم جارەی مامۆستا سمكۆ بەهرۆز پرۆژەی تۆمار كردنی ناوی تەواوی ئەو ڕووەكانەیە كە لە گوندەكانی پارێزگای كەركووكدا خۆڕسك دەڕوێن، ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا پرۆژەی كتێبێكە و مامۆستا سمكۆ كاری زۆری تێدا كردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا چاپ و بڵاو بكرێتەوە.
لە کۆڕەکەدا، مێژوونووس و مێژووناس سمکۆ بەهرۆز باسی لەوەکرد، کە لە لایەنی ئینسایکلۆپیدیای کەرکوک جیپۆلەتیکی سروشتی پارێزگاکە دەخاتەڕوو دەربارەی ئەو گژ و گیا و درەخت و دەوەنە خۆڕسکانەی کە لە پارێزگای کەرکوکدا هەیە، لە گوند و ئاوایەکانی پارێزگای کەرکوک دایە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەچێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی شارەکانی کوردستانەوە.
هەروەها ناوبراو لە کۆرەکەدا جەختی لەوەشکردەوە کە، بە هەموو بەڵگەکانەوە لە ئینسایکلۆپیدیای کەرکوک سەلماندوومانە کەرکوک شارێکی کوردستانییە لە چوارچێوەی کوردستاندایە، وە هەموو بەڵگەکانمان بە بەڵگەی مێژوویی سەلمێندراوە.
'تایبەتمەندییەکانی گژو گیای کەرکوک دەیسەلمێنێت کە شارێکی کوردستانییە'
سەبارەت بە کۆڕەکەی و ئینسایکلۆپیدیای کەرکوک، سمکۆ بەهرۆز بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئێمە لە ڕابردوودا کە کارمان لە پرۆژەی ئینسایکلۆپیدیای کەرکوک کرد کە دوو ساڵ پێشتر گەیشتە چاپ و بینەران پێی ئاشنا بوون لە هەوڵی ئەوەداین کەوا لە داهاتوودا پرۆژەی ئەم ئینسایکلۆپیدیایە فراوانتر بکەین، وە بە پێی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەکانمان پێویستیمان بەوەیە کە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بە هەموو بەرگەکاندا بکرێت، بۆیە ئەمڕۆ لەم کۆڕەدا دەیخەینەڕوو تایبەتە بە بەرگی یەکەمی جیپۆلەتیکی پارێزگای کەرکوک کە لایەنی جیپۆلەتیکی سروشتی پارێزگاکە دەخاتەڕوو دەربارەی ئەو گوژ و گیا و درەخت و دەوەنە خۆڕسکانەی کە لە پارێزگای کەرکوکدا هەیە، لە گوند و ئاوایەکانی پارێزگای کەرکوک دایە چونکە ئەو گژ و گیایەی کە لە پارێزگای کەرکوکە تایبەتمەندی خۆی هەیە کە دەچێتە تایبەتمەندی چوارچێوەی یەکێ لە شارەکانی کوردستان، بەڵام کەرکوک تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە لەڕووی خۆڵ و خاک و ئاو و هەوا و ژینگەکەی خۆیەوە، ".
'خزمەت بە مێژووە کوردستانییەکەی کەرکوک دەکەین'
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ووتیشی: "بۆیە ئەو گوژ و گیاو پەلەو گوژ و درەخت و دەوەنانەشی کە ڕواوە تایبەتمەندی ژینگەی کوردستانی پێیە لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیەی کە لە کەرکوکدا هەیە، بۆیە لێکدانەوەکانی ئێمە بۆ نزیکەی دەتوانن بڵێن ملیۆنێک گوژ و گیا و درەخت و دەوەنی خۆرسکێ لەم پارێزگایە کە لەڕووی سوودی تەندروستی، پزیشکی و مێژووی گرنگی خۆی هەیە، ئەم پرۆژەیەی کە خەریکین پێشووتر ١٢ ساڵ کارمان لێ کرد، بۆیە ئێستاش پێویستیمان بە نزیکەی پێنج ساڵی دیکە هەیە بۆئەوەی بتوانین لە چاپی دووەمی لە ئینسایکلۆپیدیای کەرکوکدا هەوڵەکان چڕتر بکەینەوە و وە فراوانتری بکەین لە چوارچێوەی خزمەتی مێژووی شارەکە".
'بە هەموو بەڵگەکانەوە سەلماندوومانە، کەرکوک شارێکی کوردستانییە'
لە کۆتایی قسەکانیدا، نووسەر و میژوونووس سمکۆ بەهرۆز باسی لە کارەکانی دیکەی کرد لە چوارچێوەی ئینساکلۆپیدیای کەرکوک و هەروەها سەلماندنی مێژووی کوردستانی بوونی شارەکە بە پشت بەستن بە هەموو بەڵگە مێژووی و زانستییەکان و ڕایگەیاند: "بپێشتر ١٠ بەرگی ئینساکلۆپیدیایمان دەرکردووە کە تایبەت بووە بە جیپۆلەتیک، مێژوو، تەندروستی، ڕۆژنامەوانی، وەرزش، ئەدەب و هونەر بە سەرچەم بەشەکانی "شێوەکاری، شانۆ، سینەما"، بە هەموو بەڵگەکانەوە سەلماندوومانە کە کەرکوک شارێکی کوردستانییە لە چوارچێوەی کوردستاندایە، وە هەموو بەڵگەکانمان بە بەڵگەی مێژوویی سەلمێندراوە کە توانیمانە بیخەینە چوارچێوەی ئەو لێکدانەوە مێژووییەوە".