بە دیمەن

سەختی کارکردنی ژنانی کرێکار لە کێڵگەکاندا

ژنانی کرێکار کە لە کێڵگەکاندا لە پلەی گەرمی ٤٥دا کاردەکەن، ڕایانگەیاند دوای چەند مانگ کرێ دەستیان دەدرێت و ئەم پارەیە بەشی پێویستیەکان ناکات، بۆیە لە دژی سیستەمی چەوساندنەوە ناڕەزایەتیان نیشاندا.

کرێکارانی ژن

لە تورکیا ڕێژەی هەڵاوسان لە هەڵکشاندایە، دوایین ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هێڵی برسێتی ٢٦ هەزار لیرە و هێڵی هەژاریش ٧٥ هەزار لیرەیە. لە وڵاتێکدا کە جگە لە بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری گەنجان، ڕێژەی بێکاریی گشتیش زیادی کردووە، ملیۆنان کەس بە شێوەیەکی بێ پارێزگاری کاردەکەن و لە ئامارە فەرمییەکاندا ناویان تۆمار نەکراوە.

یەکێک لەو کەرتانە کرێکارانی کێڵگەکانن کە لە هاویندا دەچنە دەرەوە و لە پلەی گەرمی سەروی ٤٥ کاردەکەن. لە منداڵەوە بگرە تا دایکان، خەڵکێکی زۆر بەمشێوەیە ماوەی سێ مانگ کاردەکەن. ئەو ژنانەی کە ڕۆژانە ١٠ کاتژمێر لە باخ و کێڵگەکاندا کاردەکەن و کرێکاری وەرزی کشتوکاڵن، پارەی ماندووبوونیان وەرناگرن. بەهۆی گەرمی زۆرەوە، نەخۆش دەکەون و ماندوو دەبن. ژنان ماوەی چەند کاتژمێرێک لە خواردنەوەی ئاوی سارد بێبەش دەمێنن.

یەکێک لەو ناوچانەی شاری ئامەد کە ژمارەیەکی زۆر کرێکاری وەرزی تێدایە ناوچەی خانی ئاخپارە. دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کە لە وەرزی هاویندا کاری چنین و لێکردنەوەی پەموو، گەنمەشامی و شوتی دەکەن، لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە شێوەیەی دەستی کاردەکەن. لە چاندنەوە تا دروێنەکردن، ژنان بە کۆمەڵ لەم شوێنانە کاردەکەن. کرێی ڕۆژانەیان ٩٠٠ لیرەی تورکییە، هەروەها بەشێک لەو پارەیە بە دەڵاڵانی کار دەدەن، کە پێیان دەوترێت "چاوش."

بەشێکی ژنان بۆ کڕینی خۆراک بۆ منداڵەکانیان و هەندێکی دیکەشیان بۆ دابین کردنی کتێب بۆ منداڵەکانیان لە مەزراکان کاردەکەن، بە وتەی خۆیان ئەو پارەیەی وەریدەگرن بەشی پێداویستیەکانیان ناکات و ناڕەزایی خۆیان لە دەستی قەیرانی ئابووری نیشاندا.

ئەو ژنانەی لە خانی ئاخپار لە کێڵگەکانی پیاز کاردەکەن بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و سەبارەت بە سەختی و زەحمەتیەکانی دۆخی کار و ژیانیان زانیاریان دا. لەنێو ئەوانەی چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا کردوون، لە منداڵی تەمەن ١٤ ساڵەوە تا دایکی تەمەن ٥٠ ساڵ، هەمووان وتیان لەبەر بارودۆخی سەختی ژیان و بۆ ئەوەی برسی نەبن کاردەکەن.

'پاش تەواوکردنی زانکۆ دیسان گەڕاوەتەوە بۆ کارکردن لە کێڵگەکان'

یەکێک لەو کرێکارانە، مەروە ئالاری تەمەن٢٤ ساڵە، ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی زانکۆ، گەڕاوەتەوە بۆ کارکردن لە کێڵگەکاندا، چونکە نەیتوانیوە کارێکی دیکە بدۆزێتەوە.

مەروە ئالار دەڵێت: "پێشتر لە مەزراکاندا کارم دەکرد، بۆ خوێندن و دۆزینەوەی کار چوومە زانکۆ، دوو ساڵ کارم کرد و خوێندم، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندن نەمتوانی کارێک بدۆزمەوە، وەک دوا ڕێگە گەڕامەوە بۆ کارکردن لە مەزراکاندا." باسی لەوەشکرد کە بەیانی کاتژمێر ٣ لە خەو هەڵدەستێت و کاتژمێر ٥ی ئێوارە دەست بە کار دەکێشێت، لە ڕۆژدا تەنها سێ جار پشوو دەدەن، دەڵێت ئێواران کاتێک دەگەمەوە ماڵەوە ئەوەندە ماندوو دەبم کە ناتوانم نان بخۆم، یەکسەر دەخەوم."

مەروە رایگەیاند؛ ڕۆژانە ٩٠٠ لیرەی تورکی پێدەدرێت، بەڵام ٧٠ لیرە دەبێ بداتە دەڵاڵەکانی کار، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆتایی ساڵدا مووچەکانیان پێدەدرێت، ئەمەش دۆخی ژیانیانی قورستر کردووە.

'ئەگەر کار نەکەم منداڵەکانم برسیان دەبیت'

یەكێکی دیکە ساگیە وارۆل تەمەن ٤٤ ساڵە، رایگەیاند؛ لە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانی و بژێوی بنەماڵەکەی مەجبوورە لە مەزراکاندا کار بکات و تی: "ئێمە لەبەر پێویستی ژیانمان لە مەزراکاندا کار دەکەین، چونکە کار نییە، ئەگەر من کار نەکەم منداڵەکانم برسی دەبن، لە ڕۆژدا پشوویەکی تەواو نادەین و بەردەوام لە ژێر گەرمای خۆردا کار دەکەین."

ساگیە وارۆل ئاماژەی بەوەدا کە خاوەنی چوار منداڵە و وتی: "نازانم ئاگام لە کامیان بێت، کامیان بنێرم بۆ قوتابخانە، ئەو پارەیەی کە دەستم دەکەوێت تەنانەت بەشی ئارد و شەکریش ناکات، بەردەوام لەسەر قەرز دەژین.

لە تەمەنی ١٤ ساڵیەوە کار دەکات

سوڵتان شێفتالی دالی هێشتا تەمەنی تەنها ١٤ ساڵە، بەڵام بۆ ئەوەی بژێوی بنەماڵەکەی دابین بکات، لە مەزراکاندا کاردەکات. سوڵتان وتی: "لێرە وەک منداڵێک بە سەختی دەژیم، دوای تەواو بوونی قوتابخانە دەچمە مەزراکان و هیچ کاتێکم نەبووە بۆ پشوودان و یاریکردن." سوڵتان دەڵێت: "دەمەوێت بەو پارەیەی دەستم بکەوێت کتێب، شوکولات، جل و بەرگ بکڕم، زۆرێک لە ژنان ئەو پارەیەی کە دەستیان دەکەوێت یەکسەر دەیدەنە بنەماڵەکانیان، تەنانەت ناتوانن بۆ خۆیان خەرجی بکەن، ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین و هەوڵدەدەین بژین."