لە چوار ڕۆژەی شەڕی ئیسرائیل-ئێراندا ژمارەی قوربانییەکان لە هەڵکشاندایە
بۆردومانانەکان کە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد لە ڕۆژی چوارەمدا بە بێ پچڕان بەردەوامە. ژمارەی قوربانیان لە بەرزبوونەوەدایە.
بۆردومانانەکان کە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد لە ڕۆژی چوارەمدا بە بێ پچڕان بەردەوامە. ژمارەی قوربانیان لە بەرزبوونەوەدایە.
هێرش و وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل و ئێران لە دژی یەکتر لە چوارەم ڕۆژییدا بەردەوامە. فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ٢٤کەس لە هێرشەکانی ئێراندا کوژراون. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە یەک شەودا هەشت کەس کوژراون.
هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی چوار ڕۆژی شەڕەکەدا زیاتر لە ١٢٠شوێنی مووشەکی ئێران لەناوبراون کە دەکاتە یەک لەسەر سێی پێگە مووشەکیەکانی ئێران.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ١٣ی حوزەیرانەوە تا ئێستا ئێران ٣٧٠مووشەکی بالیستیکی لە وڵامدانەوەی هێرشەکاندا بەکار هێناوە و بە گشتی ٣٠شوێن بۆردومان کراون.
هەروەها ئەنسارولمەهدی باڵی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر زەنجان فەرماندەیەک و سەربازێک کوژراون. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووتەوە، کوژراوەکان فەرماندەی ناوچەی ئیجرود، ڕەزا نەجەفی و سەرباز حەسەن ڕەسووڵین.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بینای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بووینەوە، لە ناوەڕاستی پڕۆسەی دیپلۆماسی و دانوستاندا بووین. وەک پێشتریش گوتوومانە ڕژێمی زایۆنی بەبێ هەماهەنگی، هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکا نەیدەتوانی ئەم کارە ئەنجام بدات، بۆیە ئەم کارە پڕۆسەی دیپلۆماسی و دانوستانەکانی بێ مانای کردووە."
بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی ڕایگەیاند پەرلەمانی ئێران خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی یاساییە بۆ کشانەوە لە پەیمانی چەکی ئەتۆمییە.
ڤۆڵکر تورک کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و دۆزینەوەی چارەسەرێک، گفتوگۆی دیپلۆماسی بەپەلە بکرێت.
کۆبوونەوەی بەپەلەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ٣٥ وڵات لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
هەروەها گوۆ جیاکۆنگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووەتە هۆی زیادبوونی لەناکاوی گرژییە سەربازییەکان، ئێمە لەم دۆخە نیگەرانین. بۆیە داوا لە هەر دوو لا دەکەین دەستبەجێ هەنگاوی دیار و جددی بنێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ئەگەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەورەتر و بەردەوام بێت، ئەمە کاریگەری قورسی لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت."