جەنگی ئێران و ئیسرائیل؛ ئەگەرەکانی بەشداری ئەمریکا

گریمانەکان بۆ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە شەڕەکەدا لە زیادبووندان. ئیسرائیل و ئێرانیش شەو و ڕۆژ گورز لەیەک دەدەن. ئێران ڕایگەیاند. بە موشەکی هایپەرسۆنیکی هێرشی کردووەتەسەر ئیسرائیل.

هێزەکانی ئیسرائیل دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا. پلەدارێکی سەربازیی ڕایگەیاند، نزیکەی ١٠ موشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە هاتوون و زۆربەیان پووچەڵکراونەتەوە.

موشەکە بالیستیکیەکان                            

بەگوێرەی تەلەفیزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی ئێران، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، موشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی فەتاح-١ـیان لە هێرشەکاندا بەکارهێناوە. ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی کردووەتە سەر تاران.

ئێران تاوەکو ئێستا نزیکەی ٤٠٠ موشەکی بالیستیکی هاویشتووە

بەگوێرەی داتاکانی سوپای ئیسرائیل، لە دەسپێکی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە ئێران نزیکەی ٤٠٠ موشەکی بالیستیکی بۆ ئیسرائیل هاویشتووە. زۆربەی موشەکەکان پووچەڵ کراونەتەوە، بەڵام بەشێکیان زیانی ماددی و برینداربوونیان لێ کەوتووەتەوە.

هرانا: بەلایەنی کەمەوە ٥٨٥ کەس لە ئێران کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) کە بارەگاکەی لە واشتنۆنە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە دەستپێکی ئۆپەراسییۆنەکانی ئیسرائیلەوە لەژێرناوی (ڕاپەڕینی شێر)، لە ئێران لانیکەم ٥٨٥ کەس کوژراون. لەنێو قوربانییەکاندا ٢٣٩ مەدەنی و ١٢٦ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان هەن. ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ١٣٢٦ کەس.

هەڕەشەی ناتانیاهۆ لە 'خامنەیی'

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو، کوشتنی ڕابەری ئایینی عەلی خامنەیی 'کۆتایی بە شەڕ دێنێت' و داوای لە ئێرانییەکان کرد کە هەڵوێستییان هەبێت. سەرۆککۆماری فەڕەنسا ئیمانوێڵ ماکرۆنیش ڕایگەیاند کە 'گۆڕینی ڕژێم' لە ئێران بەمانای ئاژاوە و دروستبوونی قەیران دێت.

ناوەندەکانی هەڵگرتنی چەک و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆردوومان دەکرێن

لە ڕاگەیاندراوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی چەک بۆردومانکراون. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لەم هێرشانەدا زیاتر لە ٥٠ فڕۆکە بەکارهێنراون.

هێرشکرایە سەر کۆلێژی سوپای پاسداران

هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ئێوارەی سێشەممە بارەگای ئیمام حسێنیان بۆمبباران کرد کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران. لەو ناوەندە سەربازییەدا بەشێکی فیزیکی ئەتۆمی و خوێندنگەی ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی لێیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٨ـی UAEA لە کۆلێژەکە 'ناوەندی لێکۆڵینەوەی فیزیکی' هەیە، کە بە بەرهەمهێنانی ئەتۆم و بوونی تاقیگەی ژێرزەمینی تێیدا تۆمەتبار دەکرێت. ئەم دامەزراوەیە بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە سەرچاوەیەکی گرنگی مرۆیی دادەنرێت.

خامنەیی: ڕەحمیان پێ ناکەین

ئایەتوڵڵا خامنەیی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "پێویستە بە توندی ڕووبەڕووی ڕژێمی تیرۆستی سەهیۆنی ببینەوە. ڕەحم بە سەهیۆنییەکان ناکەین."

ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی ئەمریکا کۆبوویەوە

نوێنەری کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و ئێران کۆبوونەوەی بە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی کردووە. بەرپرسێکی باڵا کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی 'ژووری بارودۆخ' ئەنجامدراوە کە ژوورێکی بەناوبانگی کۆشکی سپییە تایبەت بە کێشەکان. کۆبوونەوەکە ماوەی کاتژمێرێک و ٢٠ خولەک بەردەوام بوو.

هەموو ڕێوشوێن و ئەڵتەرناتیڤەکان لەسەر مێزی گفتوگۆن

بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ هەموو ئەڵتەرناتیڤە گریمانەییەکان هەڵدەسەنگێنێت و ڕایانگەیاند کە ئەمجارە واشنتۆن بەشداریی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا نەکردووە.

سەبارەت ڕێوشوێن و گریمانەییترین ئەڵتەرناتیڤەکان دەوترێت، ڕەنگە ئەمریکا لە دژی ناوەندی ئەتۆمیی فۆردۆی ئێران کە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل نەیتوانیوە پێی بگات، بۆمبی ئەنتی-بونکەری بەهێزی ئەمریکی بەکاربهێنێت.

سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ئاشکرایکرد کە دەیەوێت ئێران بەبێ هیچ مەرجێک خۆی بەدەستەوە بدات و 'لەئێستادا نایەوێت باڵاترین ڕابەری ئێران بکوژێت'.

ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی دەنێرێت

ئەمریکا ڕایگەیاند، 'سیستمی پاراستن' لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات.

لە ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز-دا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ ڕەنگە فڕۆکەی هەڵگری سوتەمەنی بنێرێت تاوەکو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل درێژە بە ئەرکەکانیان بدەن.