کۆلکتیڤی ژنانی لاس کۆمپاس کە ناوەندەکەی لە مەکسیکە، نامەیەکی ئاراستەی بزوتنەوەی ژنانی کوردستان و گەلی رۆژئاوای کوردستان کردووە. لەنامەکەدا وێڕای ئەوەی دڵخۆشی خۆیان بە وەرگرتنی زانیاری لەسەر تەندروستی رێبەر ئاپۆ دەربڕیوە، لە هەمان کاتدا نیگەرانی و بێزاری خۆیان لە دژی بەردەوامی گۆشەگیری خستووەتەڕوو، هەربۆیە داوایان کردووە، تێکۆشان لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت.
لە نامەکەدا هاتووە: "بە روونی ئەوە دەبینین کە بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و لەناوبردنی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری کە هیوای گەلانە لە رۆژئاوا، بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست بەردەوامە. ئێمەش لە مەکسیک رووبەڕووی هەمان قڕکردن دەبینەوە. لە بەرامبەر ئازارەکانی رۆژئاوا، ئێمە لە چیاپاس و ناوچەکانی دیکە زۆر توڕەین. دەزانین کە سەرچاوەی هەموو ئەم نەهامەتیانە سیستمی سەرمایەداریی باوکسالارییە، کە وەک دڕندەیەکی هەزار سەر هەوڵ دەدات بەرخودانی ئێمە بێکاریگەر بکات، بەڵام لەوەها ساتێکدا ئێمە روودەکەینە تێکۆشان و لە تێکۆشان و بەرخودانی ئێوە هێز وەردەگرین. تێکۆشانی ئێوە کە لە ناو شەڕ و ناخۆشیدا لەپێناو خۆشەویستی، شکۆمەندی و ژیانی ئازاد پێداگری دەکەن، بۆ تێکۆشانی ئێمە سەرچاوەی سودوەرگرتنە.
ئەوەتا ئێمە لێرەین. لە هەڕێمەکانی خۆمان، لە ناوچەی کۆمەڵگە خۆجێیی و رەسەنەکان، لە شار و شارۆچکەکانمان ئێمە پێکەوەین".
نامەکەی کۆلێکتیڤەک بە ئاماژەدان بە وتەی ژنە پێشەنگی مەکسیکی بێتی کارینۆ کە تیرۆرکرابوو، کۆتایی هاتووە "وەک خوشکەکەمان، هاوڕێمان بێتی کارینۆ وتی، ' ئێمە ئاواتەکانمان دەچێنین و هیوا دەدورینەوە'. ئێمە خۆشەویستی، بەرخودان و وزەی راپەڕینی خۆمان لە رێگەی ئەم نامەیەوە دەنێرین. ئازادی بۆ ئۆجالان. ژن، ژیان، ئازادی".