ئۆیسانێ تیابارێتا: چارەسەری بە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دێتەئاراوە

پەرلەمانتاری هەرێمی خۆبەڕێوەبەری باسک ئۆیسانێ تیابارێتا ئاماژەی بە گرنگی چارەسەری ئاشتییانە کرد و وتی: " چارەسەری بە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دێتەئاراوە."

یەک لە پشتیوانانی هەڵمەتی جیهانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" پەرلەمانتاری ئەوسکال هیرا بیلدوی پەرلەمانی هەرێمی خۆسەری باسک ئۆیسانێ تیابارێتا دەربارەی سیستەمی قڕکەری گۆشەگیری و مشتومڕەکانی ئەم دواییەی سەر پرسی کورد بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و ئاماژەی بە پێگەی ڕێبەر ئاپۆ کرد بۆ چارەسەری پرسەکانی تورکیا و جەختی لەوەکردەوە گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆ و دابڕاندی بۆ ماوەی ٤٤ مانگ لە دنیای دەرەوە بە هەموو شێوەیەک ئەشکەنجەیەکی ڕاستەقینەیە.

پەرلەمانتار ئۆیسانێ تیابارێتا بە سەرنج خستنەر چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی ئیمراڵی دەستی بەقسەکانی کرد و جەختیکردەوە لەوەی هەمووان لە مەراقی زانینی دۆخی ڕێبەر ئاپۆدا بوون، ئەم چاوپێکەوتنە بۆ زانیاری وەرگرتن لەسەر ژیان و تەندروستی ئەو زۆر گرنگە و وتی: "هیوادارم ئەم دیدارە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، ببێتە هۆکاری ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت. قۆناغێکی نوێی دیالۆگ، چاوپێکەوتنی ئاوا گۆڕانکاری دێنیتە ئاراوە. چونکە عەبدوڵا ئۆجالان هەم ڕێگەی دیالۆگ بژاردەیەتی و هەمیش نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات کە لە تێکۆشانی ناسنامەدایە. عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردەیەکی سیاسیە کە دەبێت ببێتە بەشێک لە هەموو قۆناغەکانی ئەو خواستانەی گەلی کورد داوای دەکات."

پەرلەمانتار ئۆیهانا ئێکسێبارێتا ئاماژەی بە گرنگی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و جەختیکردەوە لەوەی پەیامەکە نیشانەیەکی ڕوونی خاوەنداریکردنە لە چارەسەری سیاسی لە ڕێگەی دیالۆگەوە.

'ناونیشانی چارەسەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە'

لە بەردەوامیدا پەرلەمانتار ئۆیسانێ تیابارێتا دەستنیشانیکرد ڕێگەی چارەسەری پرسی کورد ئیمراڵییە و بۆ هێنانە ئارای چارەسەری ئاشتییانە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مەرجە و وتی: "هیچ پاساوێک نیە بۆ هێشتنەوەی ئۆجالان لە زینداندا، هەمیشە وتوومە دەبێت ئۆجالان ئازاد بێت. بۆ ئافرندنی ڕێگەی دیالۆگ، دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری و داننان بە مافە کۆمەڵاتییەکانی گەلانی تورکیا ئۆجالان هونەری خۆی پیشان دەدات. بۆیە تاکە خواستی ئێمە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە چونکە نوێنەرەوەی خواستەکانی گەلی کورد و تەڤگەرە. عەبدوڵا ئۆجالان خاوەنداری تیۆری ئازادیخوازی ژنە و لە پراکتیکدا ئەمەی سەلماندوە کە ئازادی کۆمەڵگە بەندە لەسەر ئازادی ژن و یەکسانی ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو. بۆیە بەم تایبەتەمەندییە فکریانەیەوە بۆ هەموان دەبێتە سەرچاوەی سودلێوەرگرتن." ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'یش کرد کە ئایدیایی ئافراندنی ژیانێکی یەکسانی و فەراهەمکردنی مافەکانی ژنە.

'لە دژی بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپاین سەبارەت بە پەکەکە'

پەرلەمانتار ئۆیسانێ تیابارێتا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەکرد بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پەکەکە ئاستەنگییە لە پێش پرۆسەی چارەسەری و پێویستە دەستبەجێ ئەو بڕیارە لاببرێت و وتی: "بۆیە گەر بویسترێت پەکەکە لە نێو پرۆسەی ئاشتییدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەوا پێوسیتە بارودۆخەکان خواستراوەکان بیافرێنرێت. بێگومان بڕیاری بە 'تیرۆ دانانی پەکەکە' لە لایەن ئەوروپاوە ئاستەنگییەکەی مەزنە لە پێش چارەسەری پرسەکانی کورد. بۆیە پێویستە ئەو بڕیارە کۆتایی بێت'

'دەبێت بەرگری لە ئایدیاکانی تەڤگەری کورد بکەین'

لە کۆتاییدا پەرلەمانتار ئۆیسانێ تیابارێتا ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوتێتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەردەوامی پێدەدەین. دەبێت فکرەکانی تەڤگەری کورد بپارێزین، هاوکات هەوڵەکانمان بۆ سەرنج خستنەسەر ئەو فشارانەی لەسەر گەلی کورد و زیندانیانی سیاسیی زیاتر بکەین و ئەو دۆخە شەرمەزار بکەین. ئێمە وەک پەرلەمانتارانی باسک زۆر لە تەڤگەری کوردەوە نزیکین. هیوادارین عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت، هەموو کاتێک لەگەڵ گەلی کورد و ئۆجالانداین."