دەم پارتی سەردانی پارتی یەنیدەن رەفای کرد

هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەمئۆگیولاری و تونجەر باقرخان سەردانی سەرۆکی گشتی یەنیدەن رەفا فاتیح ئەرباکانیان کرد.

دوای کۆبوونەوەی نێوانیان هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی و سەرۆکی گشتیی پارتی یەنیدەن رەفا کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییان سازکرد.

تولای حاتەمئۆگیولاری ئەوەی خستەڕوو کە لە دیدارەکەیاندا باسیان لە پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکەیان کردووە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە زەوتکردنی شارەوانییەکان دەربڕییوە.

تولای حاتەم ئۆگیولاری باسیلەوەکرد کە لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها پرسی کوردیش خراوەتەبەرباس و رایگەیاند: "ئێمە لەسەر ئەو هەنگاوانەی دەتوانرێت بنرێن قسەمان کرد. هیواخوازین کە گفتوگۆی نوێ بێتە ئاراوە، بە جۆرێک ئەو گفتوگۆیانە بەرەو ئاشتی کۆمەڵایەتیمان ببەن".

ئەرباکانیش ناڕەزایەتی بەرامبەر بە زەوتکردنی شارەوانییەکان نیشاندا و ئەوەی خستەڕوو کە دەم پارتی لەم بابەتەدا لەسەر حەقە. ئەرباکان ئەوەشی خستەڕوو، "وەک پارتی یەنیدەن رەفا، وەک ئەوەی بەردەوامیش وتوومانە، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی خوشک وبرایانی کوردمان لە باشور-رۆژهەڵات و باکوری ئانادۆل زیاتر لە هەموو کات ئامادەین، هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ".

ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گۆشەگیری

تولای حاتەمئۆگیولاری لەسەر پرسی گۆشەگیری لە ئیمراڵیش وتی، "گۆشەگیری تەواو نەبووە، بەڵکوو ماوەکەی درێژکراوەتەوە. سەبارەت بەوە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر. تێکۆشانمان لەو بارەوە بێوچان بەردەوامە. هەرلەبارەی سەپاندنی سزای نوێی قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران بۆ ماوەی شەش مانگ، هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و یاسایی بەردەوام دەبێت".