بۆ شەش مانگی دیکە دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ قەدەغەکرا

بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە دیداری رێبەر ئاپۆ لەگەڵ پارێزەرانی قەدەغەکرا. نوسینگەی یاسایی سەدە لە دژی بڕیارەکە لە دادگای باڵای دەستوری هەمیشەیی سکاڵا تۆمار دەکات.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا سزای شەش مانگ قەدەغەی دیدار بۆ رێبەر ئاپۆ و زیندانی دیکەی ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یەڵدرم بڕاوەتەوە و ناتوانن لەو ماوەدا چاویان بە پارێزەرانیان بکەوێت.

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ بکەن سەردانی دادگای دوومی جێبەجێکردنی سزاکان لە بورسایان کرد، بەڵام دەرکەوت لە ٦ی تشرینی دووەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگ سزای نوێی قەدەغەی دیدار بۆ موەکیلەکەیان بڕاوەتەوە. سەبارەت بە هۆکاری برینەوەی ئەو سزایە هیچ زانیارییەک بە پارێزەران نەدراوە.

دادگای سزا قورسەکانی بورسا تانەی پارێزەران لەو بڕیارەی رەتکردووەتەوە، هەربۆیە پارێزەران لە دژی بڕیاری قەدەغەی دیدار لە دادگای دەستوری هەمیشەیی سکاڵا تۆمار دەکەن.