پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی ڕێکخستنی خۆی لە هەرێمی ئەگێ ئەنجامدا.کۆبوونەوەکە لە ناوچەی بەیرەقلی ئەزمیر ئەنجامدرا، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتیکی گەلان سوڵتان ئۆزجان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی، بەڕێوەبەرانی دەم پارتی لە شار و ناوچەکان و ئەندامانی پارتەکان بەشداربوون.
"سیاسەتی هاوسەنگیی، تورکیا گرفتار دەکات"
حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، جەختی کردەوە شەڕی ئیسرائیل و ئێران کارەساتی مەزنی لێ دەکەوێتەوە، ئاماژەی بەوە کرد پێویستە بەتایبەت پێشهاتەکان لە ڕۆژئاوا لەبەرچاو بگیرێن، گوتی: "تورکیا لەنێو ناکۆکییدا سیاسەت دەکات. بەڵام ئەم سیاسەتەی تورکیا پشت نابەستێت بە دیالۆگی دیپلۆماسی و ئاشتییانە. چەند ساڵە دەڵێین ئەم سیاسەتەی تورکیا بەڕێوەی دەبات، سەرەئەنجام تورکیا گرفتار دەکات، ئەمڕۆ بەڕوونی ئەمە دەبینین".
"پێویستە تێکۆشان بۆ ئاشتی مەزنتر بکرێت"
هەروەها جەختی کردەوە کە پێداگرن لەسەر بەدیهێنانی ئاشتی و دەبێت تێکۆشان بۆ ئاشتی مەزنتر بکرێت، گوتی: "بەم دواییانە دەبینین لە هەموو جیهان گفتوگۆکان دەربارەی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەر و پێشهاتە نوێیەکان دەکرێت. دیسانەوە دەبینین لەنێو کۆمەڵگەی تورکیادا بەدەمەوەهاتنێکی گەورە بۆ ئەم پرسە هەیە و پرسی کورد بووەتە ڕۆژەڤی تورکیا".
"پێویستە گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت و بەڕێز ئۆجالان بدوێت"
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئەکتەری سەرەکی چارەسەر ڕێبەر ئاپۆیە، گوتی: "لەو باوەڕەداین کە هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادبوونی بەڕێز ئۆجالان و دیالۆگ دەربارەی چارەسەری پرسی کورد نەوەک هەر بۆ تورکیا و گەلی کورد بۆ هەموو گەلانی هەرێمەکە باش دەبێت. وە خزمەتێکی باشە بۆ ئاشتیی هەرێمەکە. بۆیە دەڵێین پێویستە گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت و بەڕێز ئۆجالان بدوێت".