تولای حاتەم ئۆغۆللاری: پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "وەک دەم پارتی لایەنگری ئاشتییەکی شکۆدارین، بۆ ئەمەش پێویستە گۆشەگیری ئیمراڵی دەستبەجێ هەڵبگیرێت، بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت".

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی هەفتەی ٢٥ ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری قسەی کرد، سەرەتا ئاماری ژنە کوژراوەکانی ساڵی ٢٠٢٤ ی بڵاوکردەوە، جەختی کردەوە بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژی ژنان لە ئەستۆی سیستەمی پیاوسالارییە، گوتی: "ئێمە لە هەموو شوێنێک خۆمان رێکدەخەین، بژی تێکۆشانی ڕێکخراومان، بژی یەکگرتنی ژنان".

هەروەها تیشکی خستەسەر کودەتای قەیوم ڕایگەیاند واتای کودەتای سیاسییە دژی گەلی کورد بەدەستی دادگا و پۆلیس، قەیوم دوژمنی گەلی کورد و ژن و ئۆپۆزسیۆنە، هێرشە بۆ سەر سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، دژایەتی زمانی کوردییە. گوتی: "هەرچی دەکەن با بیکەن، بەڵام ژنان هەر دەڵێن "سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان هێڵی مۆری ئێمەیە و لە هەموو جێیەک درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لەم هەرێمە پرسی کورد هەیە،  تیشکی خستەسەر گفتوگۆکان دەربارەی چارەسەری پرسی کورد و گوتی: "لێرەوە جەخت دەکەمەوە، وەک دەم پارتی لایەنگری ئاشتییەکی شکۆدارین لەسەر بناغەی دیموکراتیک. بۆ ئەمەش پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت. دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت".

حاتەم ئۆغۆللاری بانگەشەکانی دەسەڵاتی بەدرۆخستەوە کە گوایە دەم پارتی لەگەڵ ئاشتی و چارەسەر نییە، دووپاتی کردەوە دەم پارتی هەردەم لەگەڵ چارەسەر و دانوستانە، شوێنی دانوستانیش پەرلەمانە.

هەروەها گوتی: "ئێمەی ژنان لە هەموو جێیەکی تورکیا و کوردستان ئامادەکاریمان کردووە بۆ ڕژانە نێو شەقام و گۆڕەپانەکان. لە ٢٥ ی تشرینی دووەم بە درووشمی "پێداگرین لەسەر ژیانی ئازاد و یەکسان، لە بەرخۆدان و سەرهەڵدان دژی توندوتیژی پیاو_دەوڵەت یەک دەنگین" دەڕژێینە گۆڕەپانەکان.

لە ٢٥ ی تشرینی دووەم لە سەرانسەری تورکیا پێکەوە بۆ ڕەنج و ناسنامە و جەستەی خۆمان هاوار دەکەین. دەڵێین دەستی خوێناویتان لەسەر جەستەمان هەڵبگرن، لە ٢٥ ی تشرینی دووەم دژی هەژاریی ژنان و بێکاری و ڕەنجخۆری و شەڕ و توندوتیژی پیاو_دەوڵەت و دەسەڵاتی چەوسێنەر لە گۆرەپانەکان دەبین و سەرهەڵدانمان مەزن دەکەین.

پێکەوە هیوا و ئیرادەی ڕێپێوانی خۆمان درێژە پێ دەدەین و ئاشتییەکی شکۆدار لەم خاکانە بنیات دەنێین. بەبێ جیاوازی لە ٢٥ ی تشرینی دووەم لە گۆڕەپانەکان دەبین. وەرن دەنگی خۆمان هەڵبڕین. پێویستە هیچ ژنێک تەنها نەمێنێت. وەرن پێکەوە هەنگاوبنێین، تاوەکو ببینە هێز، لەیەکتر هێز وەربگرین. پێکەوە بەهێزین. ژن ژیان ئازادی!"