بانگەواز بۆ بەشداری لە چالاکیی ساڵانەی "زاگرۆسانە" راگەیەندرا
ژمارەیەک لە ڕێکخراو و ناوەندەکانی ژینگەپارێز داوایان لە سەرجەم گەلانی زاگرۆس، چالاکانی ژینگەپارێز، گروپ و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان کردووە؛ بەشداری لە چالاکی ساڵانەی "زاگرۆسانە" بکەن.
ژمارەیەک لە ڕێکخراو و ناوەندەکانی ژینگەپارێز داوایان لە سەرجەم گەلانی زاگرۆس، چالاکانی ژینگەپارێز، گروپ و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان کردووە؛ بەشداری لە چالاکی ساڵانەی "زاگرۆسانە" بکەن.
هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا و دوای دەستپێکردنی بارانبارینی پاییز، چالاکانی ژینگە، ڕێکخراو و گروپەکانی ژینگەپارێز، بە هاوکاریی سەرجەم هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکی زاگروسانە، دەنکی دارە ڕەسەنەکانی زاگرۆس وەکوو دار بەڕوو، گۆیژە، بنە و بادام دەچێنن.
بەو بۆنەوە چالاکانی ژینگەپارێز و ڕێکخراوەکانی ژینگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە داوایان لە سەر جەم گەلانی زاگروس کردووە کە لە ١هەتا ٢٥ی کانوونی دووەم بەشداری لە چالاکیی"زاگرۆسانە" بکەن بۆ چاندنی دەنک و ناوکی دارە ڕەسەنەکانی زاگرۆس.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە:
ئەویندارانی ژینگە و ژیان، وەک دەزانن، ساڵانێکە لەم وەرزەدا چالاکیەک بە ناوی "زاگرۆسانە" لە لایەن چالاکانی ژینگە لە هەموو بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ چاندنی دەنک و ناوکی دارە ڕەسەنەکانی زاگروس بەڕێوە دەچێت.
بەرنامە و چالاکییەکانی "زاگرۆسانە" هەموو ساڵێک لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەڕەشە و هۆکارەکانی لەناوبردنی زاگرۆس وەکو ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەستەکان، دەستوەردانی سروشت بۆ بەکارهێنانی کانگا، ڕێگا دروستکردن، بەنداو، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دارستان و کردەوەی نەشیاوی بڕینەوەی دارەکان بۆ دروستکردنی خەڵوز، لەگەڵ دەیان هۆکاری دیکە، ساڵانە مەترسی لەناوچوونی زاگرۆس نزیک دەکاتەوە.
ئەم بەرنامەیە کە ئێستا بەشێکە لە کولتووری ژینگەپارێزی گەلانی زاگرۆس، هەموو ساڵێک بە ئامانجی هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنی ئەم کولتوورە بە مەبەستی ساڕێژکردنی برینەکانی زاگرۆسی ئازیزمان بەڕێوەدەچێت، بەو بۆنەوە داوا لە سەرجەم گەلانی زاگروس بە تایبەت ڕێکخراوە ژینگەییەکان دەکەین لە چالاکی ساڵانەی زاگروسانە بەشداری بکەن بۆ ئەوەی زاگرۆس بە زیندوویی ڕابگرین."