بە دیمەن

لە ڕووسیا نەورۆز بە جۆشەوە پیرۆز کرا

کوردستانیان و دۆستانیان لە زۆربەی شارەکانی ڕووسیا بە دروشمی "رێبەرێتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بە جۆشێکی بەرزەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد.

نەورۆزی ڕووسیا

جەژنی نەورۆز لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا بە دروشمی "رئیەرێتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بە جۆشەوە بەڕێوەچوو.

ئاهەنگەکە لە لایەن رێکخراوە کوردییەکانی ڕووسیا لە ناوەندی کولتووری "میر" بە بەشداری نەتەوەکانی دیکە وەک ڕووس، عەرەب، تورک، جۆرجیا، ئەفغانی، تاجیک، ئەرمەنی، هەروەها چینی و ژاپۆنی بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد، پاشان وتار پێشکەش کرا و سەرنج خرایە سەر مێژووی نەورۆز.

هەروەها فەرهاد پاتیێڤ هاوسەرۆکی ئۆتۆنومی کولتووری و نەتەوەیی کوردانی ڕووسیا قسەی کرد و وتی: "بێگومان زۆرێک لە گەلان نەورۆز پیرۆز دەکەن، بۆ ئەوان نەورۆز وەک جەژنی بەهار وایە، بەڵام نەورۆز بۆ گەلی کورد جەژنی ئازادی و بەرخۆدانە."

گوهار حەسەن ئەندامی ڕێکخستنی ژنانی کورد "ڤییان" مۆسکۆ قسەی کرد و وتی: "پێش هەموو شتێک نەورۆزی ٢٠٢٥ لە هەموو گەلی ئاری و ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم. ئەو ئاگرەی کە کاوە سەردەم بە جەستەی خۆی هەڵیکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ گەشتر دەبێت و بۆ گەلی کورد بوو بە ڕۆژی بەرخۆدان."

نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕەشاد بەناڤ قسەی کرد و جەژنی نەورۆزی ئازادی لە شەڕڤانانی بەرەکانی پێشەوە  و بەرخۆدانی بەنداوی تشرین پیرۆز کرد.

هەروەها عەبدوڵا دەمیرباش، سەرۆکی پێشووی شارەوانی سوریش قسەی کرد و وتی: "نەورۆزی مەهاباد، هەولێر، قامیشلۆ و ئامەد نیشانەی یەکڕیزی کورد و کوردستانە، نەورۆز لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆز بێت، ئەم نەورۆزە مانای خۆی لە شێخ ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، مەلا مستەفا، قازی محەمەد، قاسملۆ، ئارین میرکان، سەکینە جانسز مەزڵۆم دۆغان، مەعسوم کورکماز و بەرێز ئۆجالانەوە وەرگرتووە. ئەوەشی گوت کە ئێستا جیهان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ کورد و کوردستان و پارادایمی بەڕێز ئۆجالان ناگاتە ئەنجام."

هەروەها لە ئاهەنگەکەدا نوێنەرانی نەتەوەکانی جۆرجیا، یۆنان، لەزگین و ئەفغانیش قسەیان کرد و پەیامی خۆیان سەبارەت بە نەورۆز ڕاگەیاند و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

هەروەها دوای وتارەکان ئاهەنگەکە بە گۆرانی و سەماکردن دەستی پێکرد. هونەرمەندانی کورد گەلانی دیکەی ئامادەبوو لە مەراسیمەکە بەرهەمەکانیان پێشکەش کرد.

ستاڤراپۆل

هەروەها کوردانی دانیشتووی ناوچەی ستاڤرۆپۆلی ڕووسیا لە ماڵی کولتووری گوندی ڕازدۆڵنۆیەی ناوچەی نۆڤۆئالێکساندرۆڤکا کۆبوونەوە و بە جۆش و خرۆشەوە جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد و باس لە گرنگی و مانای نەورۆز بۆ گەلی کورد کرا.

ئادیگەی

کوردانی کۆماری ئادیگەی کە بەشێکە لە فیدراسیۆنی ڕووسیا، لە گوندی سادۆڤا بە جۆش و خرۆشەوە جەژنی نەورۆزیان پیرۆز  کرد.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد، پاشان فەیزۆی حەسەن ئەندامی کەنەکە و سینەم محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی ناوچەکە جەژنی نەورۆزیان لە بەشداربوان پیرۆزکرد و باسیان لە مێژووی نەورۆز کرد.

پاش وتارەکان هونەرمەندان بە گۆرانی و ئاوازەکانیان ئامادەبووانیان هێنایە جۆش.

کراسنۆدار

هەروەها مەراسیمی نەورۆز لە کۆشکی ئۆپێرای شاری کراسنۆداری ڕووسیا بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوەچوو.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد، دواتر وتارەکان پێشکەش کرا. دیلەبرا ڤەکیل و سەرۆکی یەکێتی ڕێکخراوە کوردییەکان عارف ئەزمانی قسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئاشتی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەرقەرار بکات.

ساراتۆڤ

لە گوندی تیمۆنی ناوچەی دەرگاچی سەربە ساراتۆڤ بە جۆشەوە ئاگری نەورۆز کرایەوە.

هاوڵاتییانی گوندەکە بە کردنەوەی ئاگر تا درەنگانی شەو ئاهەنگییان گێڕا. بەشداربووانی ئاهەنگەکە بە بەردەوامی لەگەڵ هەڵپەڕێکدا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی نەورۆزی بەرخۆدان"یان دەگووتەوە.

ئاهەنگەکە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.