سروشتی چیایی هەسادین تاڵان دەکرێت

لە چیای هەساندینی ناوچەی پاسور لە ئامەد، ڕێگا بۆ دروستکردنی قەرەقۆل دروست دەکرێت. دانیشتوانی گوندەکان بۆ هۆی زیان گەیاندن بە سروشتی ناوچەکەیانەوە ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا.

چیای هەساندین کە یەکێکە لە بەرزترین چیاکانی ناوچەی پاسوری ئامەدە، کراوەتە ئامانجی چالاکییەکانی گەڕان و هەڵدانەوەی کانەکان. کۆمپانیایەک بە ناوی کولپ مەعدانجیلیک ساڵی ڕابردوو پلانی دانابوو لەو ناوچەیە دەست بە هەڵکۆڵین بکات، بەڵام لەلایەن دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەکەوە لەبەر تێکدانی سروشت و زیانەکانەوە ڕێگریان لێکرا. سەرەڕای ڕاپۆرتێک کە دەوترێت لەلایەن قایمقامیەت دراوە، چالاکییەکان هەڵوەشایەوە، بەڵام دروستکردنی ڕێگا لە ناوچەکە دەستیپێکردووە. دانیشتوانی گوندەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێگاکە لە ئێستادا بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی دروست دەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگاکە بۆ چالاکییەکانی هەڵکۆڵینی کانەکان بەکار دەهێنرێت و بەو شێوەیە سروشتەکەمان سیستماتیکی تاڵان دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو پارێزەران بۆ وەرگرتنی زانیاری پەیوەندییان بە وەزارەتی ژینگەوە کرد. لە وەڵامدا ڕاگەیەندرا کە کۆمپانیاکە ڕاپۆرتێکی پێدراوە کە "پێویست بە هیچ هەڵسەنگاندنێکی ژینگەیی ناکات" واتە هەڵسەنگاندنەکانی کاریگەریی لەسەر ژینگەی ساڵی ٢٠٠٨ لە ماوەی ٥ ساڵدا پووچەڵ کراوەتەو و دوای مانگێک و لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، رێگەدراوە کە ١٠٠ هەزار تۆن کانزا دەربهێنرێت. هەروەها بەشی پەیوەندیدار لە وەڵامی داواکارییەکاندا ڕایگەیاندووە؛ "پێویست ناکات هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییە ژینگەییەکان بکرێت" بەو پێیەی کە دروستکردنی ڕێگاکە بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی ئەنجام دەدرێت.

هەروەها ئەو بەڵگەنامانەی کە پارێزەران سەبارەت بە پڕۆژەکە داوایان کردبوو بە وتنی ئەوەی کە؛ "ناتوانین ئەم بەڵگەنامانەتان پێ بدەین" داخوازییەکە ڕەتکرایەوە. جێی ئاماژەیە بە هۆی ئەو ڕێگایەی کە گوایە بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی دروست دەکرێت، بەدەیان دار بڕدراون و ژینگەی ناوچەکە تێکدراوە. هەروەها هاوڵاتیانی گوندەکان ڕایانگەیاند کە بنکەی سەربازی بیانووە، ئەم ڕێگایە لە بنەڕەتدا بۆ چالاکییەکانی کانەکان دروست دەکرێت چونکو ڕێگای دیکە لە دیوەکەی تری چیاکە بۆ کاری هەڵکوڵین دروست دەکرێت. لە دروستکردنی ڕێگاکەدا بەدەیان سەرباز بە ئامێری هەڵکۆڵین و شۆڤڵ کاردەکەن.

سامانی ئاو و بژێوی ژیانمان لەناو دەچێت

گوندنشینانی شڕناخ، لە بناری چیای هەساندین، ڕایانگەیاند ئەم بابەتە جیا لە پاسور پەیوەندی بە هەموو پارێزگاکانەوە هەیە، دەبێت هەمووان خاوەنداری لە سروشتی ناوچەکە بکەن، ئەوان بە دروستکردنی ڕێگاوبان سروشتی ئەم هەرێمەیان تاڵان کردووە، لێرەدا بەهۆی کۆمپانیایەکەوە، سروشتی ئێمەیان وێران کردووە. دەبێ هەمووان ئەمە وێرانکارییە قبوڵ نەکەن.

هەروەها دانیشتووانی گوندەکان دەڵێن لەوەڕگای ئاژەڵەکانمان، سروشتمان بە گشتی لەناو دەچێت، پێشتر بە هۆی دروستکردنی بەنداوەو بەشێکی زۆی زەویی ناوچەکان ژێرئاوکەوتووە و بەشێکی زۆی مینڕێژ کراوە. بۆیە ئەگەر چالاکییەکانی کانەکان لێرە بەردەوام بێت خەڵکی ناوەچەکە زۆر زیانیان پێدەگات. لە هەموو ڕوویەکەوە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سروشتی ناوچەکەمان کراوەتە ئامانج. ئەگەر سروشتی هەساندین لەناو بچێت ئەو کات هیچمان نامێنێ. ئێمە بەهەزاران ساڵە لێرە دەژین، ئێرە شوێنی ژیانی ئێمەیە. ئێستا بەهۆی کۆمپانیایەکەوە دەیانەوێت ژیانمان لەناو ببەن، بۆیە ئێمە ناهێڵین و ڕێگە نادەین ناوچەکەمان وێران بکرێت. لێرە دەمێنینەوە و خاکی خۆمان دەپارێزین.