ژەهر دەڕژێنرێتە ناو ڕووباری مورادەوە

بەهۆی کار وچالاکییەکانی کۆمپانیای کۆزا ئاڵتن لە ناوچەی گیادن، ڕووباری موراد پڕە بووە لە ژەهر و قوڕ. تەنانەت ئاژەڵەکان ناتوانن ئاوی لێبخۆنەوە، کێڵگەکانی ماسی لە ڕووبارەکەدا بەرەو لەکارکەوتن دەچن.

ناوچەی گیادنی ئاگری و گوندەکانی ڕووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی بوونەتەوە. کان و دروستکردنی کانگاکانی مەڕمەڕی کۆمپانیای کۆزا ئاڵتن لە ناوچەکەدا ڕۆژانە زیاتر و زیاتر زیان بە سروشت دەگەیەنێت. بەهۆی ئەوەی کانگاکە دینامیت بەکار دێنێت، ئیکۆلۆژی ناوچەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە. ٥٠ بنەماڵە ناچار بوون کۆچ بکەن. بەردەوام ژینگەپارێزان هۆشداری دەدەن لەوەی کە کان و کانگاکان بوونەتە هۆی لەناوچوونی ئیکۆسیستەمی ناوچەکە. 

دانیشتوانی ناوچەکە و ژینگەپارێزان داواکارن لە پەرلەمانتاران بەپەلە بۆ وەستاندنی کاری کانگاکانی ناوچەکە هەنگاو بنێن. ئەم کارەساتە ژینگەییە لە ئاگری نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە دروست کردووە، بەڵکو مەترسی لەناوچوونی هاوسەنگی ئابووری و ئیکۆلۆژی لێدەکەوێتەوە. ڕووباری موراد کە پێشتر ئاژەڵان ئاویان لێدەخواردەوە، ئێستا بە تەواویی پر لە ژەهر و پاشماوە بووە و ئەمەش گیانی ئاژەڵانی خستووە مەترسیەوە.  

 هاوکات لەگەڵ کانەکاندا سێ کانگای مەڕمەڕی ناوچەکەش زیانێکی زۆر بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووە. تەنانەت بە هۆی تەقینەوەکانی دەوروبەری گوندەکان لە ناوچەی گیادن دیواری خانووەکانی گوندەکە شکاون، ئەمەش لەلایەکەوە ژیانی گوندنشینانی هەراسان کردوە. 

مەترسی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی دروستبووە

 ناوچەی کانەکانی گیادن دەکەوێتە سەرووی ڕووباری موراتەوە کە گەورەترین لقی ڕووباری فوراتە، بۆیە دەتوانێ مەترسی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی ناوچەکە دروست بکات. نوری تاشدەمیر چالاکوانی ژینگە دەڵێت: "ڕووباری موراد بە درێژایی ٧٢٢ کیلۆمەتر دواتر دەڕژێتە ڕووباری فوراتەوە، دواتر دەژێتە کەنداوی بەسرە، بۆیە پاشماوەی ژەهراوی کانەکان کاریگەری خراپ و مەترسیدار لەسەر ئیکۆسیستەمی ناوخۆیی وهەرێمێ فراوانترە. هەروەها بە هۆی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان، کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر ئاژەڵ و دانیشتوانی ڕووبارەکان دروست دەکەن."

بە مەبەستی ناچارکردنیان بە کۆچبەری گوشار دەخرێتە سەر دانیشتوانی ناوچەکە

 هاوسەرۆکی شاری وان ئیکۆ-دەر، دیلەک ئاکداغ، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، وا کارەساتی سروشتی ناوچەکە دەگۆڕدرێت بۆ کارەساتێکی گەورەتر، بەهۆی کاریگەریی کانگاکانەوە ٥٠ بنەماڵە ناچاربوون ڕوو لە شارەکان بکەن. چالاکیەکانی گەڕان بەدوای زێڕ و دەرهێنانی مەڕمەڕی کان و کانگاکان کاریگەری لەسەر ٧ گوند داناوە ئەگەر بەو شێوە  بەردەوام بێت ئەوا زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچار دەبن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن. 

 بانگەواز بۆ گرتنەبەری رێکار

 ئاکداغ ڕایگەیاند؛ پێویستە لە ئێستاوە چارەسەرێکی بە پەلە بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە و وتی: "ئەگەرنا دەبێتە هۆی کۆچێکی گەورە و کارەساتی ژینگەیی لە ناوچەکە، بۆ ئەوەی ڕێگری لەم کارەساتە بکرێت، دەبێت دەستبەجێ لاێەنە پەیوەندیدارەکان بکەونە هەوڵدانەوە."