ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کرا و ئەوەش لە ناوخۆی ئێراندا و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردانەوەی لێ کەوتووە. ئەمڕۆ ٦٨ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ژنان لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن.
لەنێو ڕێکخراوەکاندا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات، کانوونی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، کامپەینی ئازادیی بەندکراوانی سیاسیی لە ئێران، بۆنیادی عەبدولڕەحمان بروومەند، کامپەینی چالاکوانانی بەلووچ و چەندین ڕێکخراوی دیکە هەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە یاساییەکان کراوە هەنگاوی جدی بنێن بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی.
ڕێکخراوەکان جەخت دەکەنەوە، پەخشان عەزیزی ژیانی بۆ بەرگری لە ژنان و یەکسانی کۆمەڵگە تەرخان کردووە، دەڵێن: "لەسێدارەدانی پەخشان پەڵەیەکی ڕەشە بەسەر مرۆڤایەتییەوە".