ڕاگەیاندراوی کۆمیتەى شەهیدانی پەژاک بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی حەبیبوڵا گوڵپەری پور و ڕەزا مامەدی
کۆمیتەى شەهیدانی پەژاک بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵان حەبیبوڵا گوڵپەری پور (باهۆز سنە) و ڕەزا مامەدی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
کۆمیتەى شەهیدانی پەژاک بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵان حەبیبوڵا گوڵپەری پور (باهۆز سنە) و ڕەزا مامەدی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەى شەهیدانی پەژاک:
"ڕاگەیاندراوی کۆمیتەى شەهیدانی پەژاک بۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵان حەبیبوڵا گوڵپەری پور (باهۆز سنە) و ڕەزا مامەدی
لە نۆهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵانی گەرنقەدر و هێژامان "حەبیبوڵا گۆڵپەری پور (باهۆز سنە)" و ڕەزا مامەدی، کە لە ٣ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٢ (٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن رژێمی فاشیستی ئێرانەوە لەسێدارەدان، یاد و بیروەریی ئەو شەهیدانە بەرز و بەڕێز ڕادەگرین. ڕێگای فیدایگەری و خۆڕاگرانەی ئەو هەڤاڵە شەهیدانەمان، ڕۆشنگەرانە و رۆشنکەرەوەی ڕێگای تێکۆشانمانە.
هەڤاڵ حەبیبوڵا گوڵپەری پور وەک گەریلایەکی فیداکار و فیدایی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)" بە خۆڕاگری و بەرخودانی بێ وێنە و خۆبەستەوەنەدانی خۆی، ناوی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرفیراز و سەر بڵند کرد.
لە سایەی لە خۆبوردیی و گیانبەخشیی ئەوانەوە، کە ساڵەهای ساڵ بەرگەری ئەشکەنجەی قورس و تاقەت پڕوکێنی جەلادەکانی رژێمی فاشیستیی ئێرانی گرت، بەو بەرخودانەی خۆی بۆ جارێکیتر ڕەگ و ڕیشەىی کولتوری بەرخودان و خۆڕاگریی تێکۆشانی لە ناو زیندانەکاندا داکوتی و تۆکمەیی و بەهێزیی زیاتری پێ بەخشی. بەرگەگرتن و دانبەخۆدان و خۆڕاگری و بەرخودانی هەڤاڵ باهۆز لە بەرامبەر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی ڕۆحی و جەستەیی، بووە گەورەترین وانەی بەرخودان و خۆڕاگری بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی و شۆڕشگێڕ.
بەڕێزیان رێگا سەختە و قورسەکەی حیکمەت دەمیرەکان، کەمانگەرەکان، عەلەمهولییەکان و خزرییەکان، تۆکمەیی و بەردەوامیی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەموان سەلماند. ئەگەر ئەمڕۆ تێکۆشانی گەلەکەمان هەنگاوێک زیاتر لە ئازادی نزیک بووەتەوە، ئەوە لە سایەی تێکۆشان و ڕەنجە لە بن نەهاتوەکانی هەڤاڵ باهۆز و هەڤاڵانی تری وەک ئەو بەدیهاتووە.
هەڤاڵ رەزا مامەدی-یش نمونەیەکی سەرفیراز و سەربڵندی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە بوو، کە تاوەکو بەختکردنی گیانی خۆی بەرامبەر بە دوژمن خۆی بە دەستەوە نەدا و ئەوەی سەلماند، کە بە بەستنەوەی خۆڕاگری و بەرخودان و وڵاتپارێزی، گەلی کورد دەتوانێت بە دڵنیاییەوە بە ئازادیی تەواوی بگات.
کۆمیتەى شەهیدانی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)" لە ٩هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵان حەبیبوڵا گوڵپەری پور (باهۆز سنە) و رەزا مامەدی، بە ڕێزەوە یادیان بە بەرزی ڕادەگرین. داوا لە هەموو گەنجانی ئازادیخواز و دیموکراسیخوازی دەکەین، کە لە پێناو بەردەوامیدانی بە گوڕ بە رێگای شەهیدانمان، رێگاکەیان بگرنە بەر و تاوەکو بەدەستهێنانی ئازادی ڕانەوەستن. ئێمە جارێکیتر بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە، کە تاوەکو بەدیهێنانی ئارەزوو و خەونی پاک و دروست و ڕاستی هەڤاڵە شەهیدەکانمان، بەو لەخۆبردویی و فیداکارانە درێژە بە تێکۆشان دەدەین و هەرگیز ڕاناوەستین. ڕێگای هەموو شەهیدان پڕ رێبوار بێت! ".
ژ.ت