دایکی شەهید: پەدەکە دەستی بەسەر ماسکەکاندا نەگرتایە کچەکەم شەهید نەدەبوو

ئەمینە عەبدوڵا دایکی دەلال شۆڕش باسی لەوەکرد کە ئەو ماسکانەی پەدەکەی دەستی بەسەردا گرتن ئەگەر بگەیشتنایە دەست گەریلاکان کچەکەی شەهید نەدەبوو.

ئەمینە عەبدوڵا دایکی شەهید دەلال شۆڕش (پەیام عەبدوڵا) کە لە زاپ بە هۆی چەکی کیمیاییەوە شەهید بوو، باسی لەوەکرد، کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورک پءکەوە دوژمنی کوردانن و وتی، "ئەگەر ئەو ماسکانەی پەدەکە دەستی بەسەردا گرتن بگەیشتنایە گەریلا کچەکەم شەهید نەدەبوو".

ئەمینە عەبدوڵا لە بارەی شەهیدبوونی کچەکەیەوە هەروەها وتی، "ئەو رێگەی خۆی هەڵبژارد و کارێکی خراپی نەکردووە، شانازی پێوەدەکەم". ئەمینەی دایکی شەهید دەلال سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بێهەڵوێستی حکومەتی هەرێم وتی، "ئەردۆغان ناپاکە. بەڵام حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەردۆغان یەکدەستە و هیچ جیاوازییەکیان نیە. لەبەر ئەوەی لە دژی کوشژرانی کوردان هیچ هەڵوێستێکیان نییە. هەردووکیان هاوبەشن و لەگەڵ ئەردۆغان وەک یەکن".

دایکی شەهید دەلال ئەمینە سەبارەت بەو ماسکانەی بۆ گەریلا دەچوون و پەدەکە دەستی بەسەردا گرتن وتی، "ئەگەر ماسکەکان کە پەدەکە دزینی، بگەیشتنایە دەست گەریلا، شەهید پەیام و هاوڕێکانی شەهید نەدەبوون. لەبەر ئەوەی بە گازی کیمیایی شەهید بوون. وەک وتم، وەک ئەردۆغانن. لەخودا دەپاڕێمەوە جەرگی هیچ دایکێک نەسوتێت. هیچ کوردێک نەکوژرێت، منداڵی کەس نەکوژرێت. ئەمە دوایین دڵۆپی خوێنی شەهیدان بێت. ئیتر با ئێمەش وەک گەلێک بژین. خودا ئێمەی خوڵقاندووە و وەک کورد خوڵقاندوونی. لەبەر چی ناهێڵن لەسەر خاک و وڵاتی خۆمان بژین. داوای ماف و حەقی خۆمان دەکەین".

شەهید پەیام عەبدوڵا بە ناسناوی دەلال شۆڕش ساڵی ٢٠١٧ لە سلێمانییەوە چووە نا ریزەکانی گەریلا. تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک شەهید بوو.

هـ . ب