هاواری چیا

هاواری چیا دێتە گوێم. دەنگی بۆمب، بۆنی نامۆ. دەنگی هاوڕێیانم دێتە گوێم، لەولاشەوە دەنگی هاواری چیا.

گەریلا لە ئامێزی چیا خۆڕاگری دەکات. لە نێوان چیا و گەریلادا پەیوەندییەک هەیە. چیا ئەوان و ئەوانیش چیا دەپارێزن، خاوەنداری لێدەکەن. جارجار وەک دایکێک دەیشارنەوە، جار جاریش دەبێتە گۆڕەپانێکی قووڵبوونەوە. جار جاریش بۆ رێبوارانی ئازادی دەبێتە هاوڕێ. وەک گەریلا چیاش دەژی. ئەوانەی ناوازەترین واتا و بەنرخترینی بە بەر چیادا دەکەن گەریلان. ئەوانەی لە چیا تێدەگەن، لەگەڵیدا دەژین، واتای بەبەردا دەکەن و مێژووی تێدا دەشارنەوە، گەریلان. لەبەر ئەوە هەرچییەک بەسەر چیادابێت، بەسەر گەریلاکانی ئازادیشدا دێت.

لە نێوان و گەریلا و چیادا پەیوەندییەکی پتەو و خۆشەویستی هەیە. ئەو پەیوەندییە نە دەمرێت و نە بێکۆتاییشە. وەک یەکگرتنی رۆحی لە نێوان خودا و مرۆڤدایە. ئەو خۆشەویستییە گەورەیە لەگەڵ رۆحدا یەکدەگرێت. گەریلا ئەوەندە خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەی، خاک و چیاکانی هەیە کە هۆگری هەموو گوڵ و ئاوی کانیاوی چیاکانە. ئەوینداری هەر بستێکی خاکەکەیەتی، هەر بۆیەشە لەو پێناوەدا دەجەنگێت.

باجی خۆشەویستی گەورە بەورادەیە قورسە. وڵات، خاک، گەل و ئەوینی ئازادی بەو رادەیە باجی گەورەی پێویستە. گەریلا بێ دوودڵی ئەو باجە دەدات. بۆ ئەوەی یەکانگیرییان لەگەڵ چیا لەناونەچێت، شەڕ دەکات. دوژمن ئاگای لەو خۆشەویستی، لەو خواستە گەورەیە بۆ تێکۆشان هەیە. بێگومان دەزانێت کە چیا هاوڕێی باز و هەڵبەستە. لەبەر ئەوە چی ناوی کورد و کوردستانی لەسەر بێت دەیەوێت لەناوی ببات. ئاخۆ ئەوانەی ئەمە دەبینن و هەستی پێدەکەن تەنیا گەریلان؟ ئایا ئەوانەی دەڵێن ئەم قۆناغە ئاسایی نییە تەنیا گەریلان؟

گەریلایەک دەڵێت، 'ئەم ماوەیە چیا زۆر گریا'. بێگومان ئەم گریانە نوێ نییە؛ لە دۆڵی تیارێش هەست بەو گریانە کرابوو. کاتێک ٣٣ گیان لە داوێنی چیا سەنرابوون. جارێکیتر کیمیایی بەکارهێنرابوو. هەر بۆمبێک هەڵدەدرا جەستەیکی دەسوتاند و چیای دەکۆڵی. ئەو گەریلایانەی جەستەیان دەسوتا، دواساتی ئەو کچە بچوکەیان هەست پێدەکرد کە لە دێرسیم کوژرا و دواتر دەگەیشتە دۆڵی زیلان. دەڵێت، 'زۆرمان لەناوبران. هەر کە ئەوان لەناوبران، ئێمە هاتینە دنیا'.

لەناوشەڕەکەدا کە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە ، ئەو چەکە کیمیاییانەی بەکاردەهێنرێن، رۆحی جیا دەکێشن. گابەردەکان ورد دەکەن، ئەو زیندەوەرانەی بۆ ساڵان لەناویاندا بوون لەناویان دەبەن. چیتر بزنە کێویەکان بەردەمی خۆیان نابینن. کەس گوێ لە ناڵەی دارەکان نییە. تەنیا شەڕڤانانی ئازادی هەستیان پێدەکەن، لەگەڵیان شەڕدەکەن. بیر لە دایکێک بکەنەوە؛ ئەگەر بەر لەو گیانی منداڵەکەی بکێشیت چی روودەدات؟ ئاخۆ پارچەپارچەکردنی گەریلا و چیا هەمان هەست دەداتە چەند کەس؟ لەگەڵ هەر بۆمبێکدا ئازار بە گیانی چەند کەس دەگات؟ چیاکانمان کە هاواری بەرخودان دەبیستن، دەستبەرداری گەریلا نابن. گەریلاش دەست لە چیا هەڵناگرن. بۆ ئەوەی ئەو چیایانە داگیرنەکرێن خۆڕاگری دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاکە پیس  نەکرێت، خۆڕاگری دەکەن. بۆ ئەوەی جارێکیتر لەناو نەچێت دەجەنگن. بۆ ئەوەی سەرمان بە کۆنکرێت دانەپۆشرێت گەریلا لە بەرامبەر کیمیایی خۆڕاگری دەکەن.

گەریلا هیوای گەلێکی لە ئامێزی خۆیدا هەڵگرتووە و بۆ هێنانەدی ئەو هیوایە گیانی خۆی دەبەخشێت. ئەمڕۆ لە تونێلەکاندا بە ئیرادەیەکی گەورەوە دەجەنگن. تێکۆشانی گەلی کورد لەو رێگایەدا ئەنجامی ئەم شەڕەی مان و نەمان یەکلا دەکاتەوە.

هـ . ب