هاوسەرۆکی هەدەپەی وان بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوان بەرەو ئیمراڵی بڵاوکردەوە

خەندان کاراکۆیون هاوسەرۆکی هەدەپەی وان وتی، بانگەوازیان بۆ خەڵکی وان ئەوەیە، کە رۆژی شەممە بەشداری لە رێپێوان بەرەو ئیمراڵی بۆ ناوچەى گەملیک بکەن.

خەڵکی وان ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕێپێوانی گەملیک بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی. ڕێپێوانەکە لەلایەن هەدەپەوە بەڕێوەدەبرێت و کارەکان بۆ ڕێپێوانەکە بەردەوامن. خەندان کاراکۆیون هاوسەرۆکی هەدەپەی وان باسی لە گرنگیی ڕێپێوانی گەملیک کرد و داوای بەشداریکردنی لە خەڵکی وان کرد.

کاراکۆیون رایگەیاند، پێش هەدەپە گوشار و دەستگیرکردن و زیندانیکردن لەسەر سیاسەتی کورد هەبووە و وتی: "پێشتریش بە ئامانجی خۆیان نەگەیشتن و ئەمڕۆش بە ئامانجی خۆیان ناگەن. بەم دواییانە ٩ هەڤاڵمان دەستگیرکران. هەڤاڵانمان وەک نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێر لەو شوێنانە بوون. لە ڕاپۆرتیشدا ئەوەیان بە حکومەت ڕاگەیاندووە، بەڵام ئێستا کارەکەیان بووە بە تاوان. ئێمە جارێکی تر ئەم پیلانگێڕی و تەڵەکەبازییەی دەسەڵات تێکدەشکێنین، وەک چۆن کەیسی کۆبانێ کرا ساختەکاری و پیلانگێڕی، ئەم کەیسەش بووە بە پیلانگێڕی و تەڵەکەبازیی حکومەت. دەبێت هەڤاڵانمان ئازاد بکرێن. ئەمڕۆ ئەوەی بۆ گەلانی تورکیا و باوەڕەکان پێویستە، ئاشتی و دیموکراسییە".

ئێمە بەرەو گەملیک دەڕۆین

کاراکۆیون رایگەیاند، ڕێپێوانی گەملیک زۆر گرنگە و وتی: "ڕۆژی شەممە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین. چەندین تەرم لە زیندانەکانەوە دێنە دەرەوە، بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەمە، ئێمە لە کاتژمێر ١٢ی شەممە بەرەو ناوچەی گەملیک لە پارێزگای بورسا و ئیمراڵی دەڕۆین. داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین لە دژی گۆشەگیری، مەرگ و قەیرانی سیاسی بەرەو گەملیک ڕێپێوان بکەن. بۆ ئەوەی ڕێگە لەم دۆخە خراپانە بگرین، ئێمە لەگەڵ گەلەکەمان دا لە گەملیک دەبین".

ژ.ت