هێرشێکی دەوڵەتی تورک لە دهۆک ٣ شەهید و برینداری لێکەوتەوە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تۆپبارانی سنووری گوندی هروورێ لە پارێزگای دهۆک کرد، بە هۆیەوە هاوڵاتییەک شەهیدبوو و دوو هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

کەمێک پێش ئێستا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی هروورێ لە ناوچەی بەرواری باڵای سەربە پارێزگای دهۆک کرد و بە هۆیەوە قوربانی لێ کەوتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سێ هاوڵاتی دانیشتووی گوندی قومری، ئەمڕۆ چوونەتە چیای گوندی هروورێ و لەلایەن تۆپخانەکانی دەوڵەتی تورکەوە  تۆپباران کراون.

بە هۆی تۆپبارانەکەوە، هاوڵاتییەک بە ناوی سەباح عەبدولستار، تەمەن ٤٥ ساڵ شەهیدبووە و دوو هاوڵاتییەکەی دیکەش برینداربوو.

ئەمە لە کاتێکدا تا ئەم تۆپبارانە ئەمساڵ بە هۆی هێرش و بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ٢٩ هاوڵاتی شەهید و ١٨ـی دیکەش برینداربوون، بەم تۆپبارانەشەوە ژماری قوربانییان دەبێتە ٣٠ شەهید و ٢٠ بریندار.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان و بە ئامانج گرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، بەڵام حکومەتی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی باشووری کوردستان خۆیان بێدەنگ کردووە و بە هیچ شێوەیەک خاوەنداریی لە خوێنی هاوڵاتییانیان ناکەن و لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک ناوەستنەوە.