'شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کۆتاییەکەی ئازادی گەلانی ئێرانە!'

مەجلیسی پژاک لە ئەوروپا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی، بە زمانی زەبر و زەنگ و سەرکوت بەرەو ڕووی ئازادیخوازن بۆتەوە. لە ئاکامی هەڵسوکەوتی دڕندانەی رژیم، دەیان کەس گیانیان بەخت کردوە و بە هەزارن کەس بریندار و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەر کرد.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ئەوروپا راگەیەندراوێکی لەبارەی راپەڕینی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە ماوەی ئەم حەفتا رۆژەدا؛ توانیویە دەستکەوتی گەورە بە دەست بهێنێت. توانی کەلێنی نێوان ناکۆکی و دژوازییەکانی چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی ئێران کە رژیم توانیبووی زۆرترین کەڵکی لێوەربگرێت، پڕ بکاتەوە. فەلسەفەیەک کە هەموو نەتەوەکان، کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، هونەرمەندان، نووسەران و بە کورتی لە منداڵی حەوت ساڵانەوە بگرە هەتا ٧٠ ساڵ و هەموو چین و توێژەکان خۆیانی تێدا دەبیینەوە. لە ئاستی دەرەوەی ئێرانیشدا، ئەم شۆڕشە توانیویە زۆرترین پشتگیری و سەمپاتی دەستەبەر بکات.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

"شۆڕش و سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران لە ژێر ناوی ژن ژیان ئازادی، بە ناوەندێتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە پێشەنگایەتی ژنان، پێی نایە ٧٠ رۆژی خۆیەوە. رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی پڕ لە تاوانی خۆیدا، تا ئەم رادە بەرفراوان لە بار چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، بەرەوڕووی دژایەتی نەبۆتەوە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە ماوەی ئەم حەفتا رۆژەدا؛ توانیویە دەستکەوتی گەورە بە دەست بهێنێت. توانی کەلێنی نێوان ناکۆکی و دژوازییەکانی چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی ئێران کە رژیم توانیبووی زۆرترین کەڵکی لێوەربگرێت، پڕ بکاتەوە. فەلسەفەیەک کە هەموو نەتەوەکان، کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، هونەرمەندان، نووسەران و بە کورتی لە منداڵی حەوت ساڵانەوە بگرە هەتا ٧٠ ساڵ و هەموو چین و توێژەکان خۆیانی تێدا دەبیینەوە. لە ئاستی دەرەوەی ئێرانیشدا، ئەم شۆڕشە توانیویە زۆرترین پشتگیری و سەمپاتی دەستەبەر بکات.

لە بەرامبەر ئەم شۆڕشەدا، کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، بە زمانی زەبر و زەنگ و سەرکوت بەرەو ڕووی ئازادیخوازن بۆتەوە. لە ئاکامی هەڵسوکەوتی دڕندانەی رژیم، دەیان کەس گیانیان بەخت کردوە و بە هەزارن کەس بریندار و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون. لە پاڵ هەموو ئەم تاوانانەدا، رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی، دەیان سیناریۆی دیکە تاقی کردۆتەوە تا بەڵکوو بتوانێ سرنجی راگشتی بەلاڕێدا ببات و تۆڵە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە، بەڵام بۆی مەیسەر نەبووە. نە تەنیا نەیتوانیوە لە پیلان و سەرکوتگەرییەکانی ئامانج بگرێت، بەڵکوو تا هاتوە کورەی شۆڕش و سەرهەڵدان بەتینتر و گەرم و گوڕتر بووە. هەڕەشە و گوڕەشەکانی خامنەیی، فەرماندەی سپای پاسداران و دەسەڵاتدارە گەورە و بچووکەکانی ئەو دەسەڵاتە توتالیترە، تەنیا بۆتە هۆی خولقاندنی تاوانی زیاتر، بەجۆڕێک کە دنیای ناچار کردوە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگی بشکێنن و لە قاوی دەدەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بۆتە رەمزی بەرخۆدان و نە گوتن بەو رژیمە. لە ئێستاشدا بۆتە ناوەندی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و خەریکە بناغەکانی ئەو دەسەڵاتە هەڵدەتەکێنێت. هەر بۆیە ئاستی تاوانەکانی رژیم لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاو شارەکانی دیکەی ئێران، بەرفراوانتر و بێ بەزەییانەترە و لە رۆژانی رابردوودا، لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار و جوانڕۆ، بەڕوونی خۆی نیشاندا و سیمای هێرشی دەوڵەتێکی داگیرکەر بۆ سەر وڵاتێکی داگیرکەرمان بەچاوی خۆمان بینی.

لە ئێستادا رووبوونەوەی گەلانی ئێران و رژیم گەیشتۆتە ئاستێکی هەستیار، بۆیە ئەم قۆناخە لە هەموو ئازادیخوازانی دنیا دەخوازێ کە لە دەرەوەی وڵات هەرچی ببنە دەنگ و هاواری گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیجازە نەدەن دەستی رژیم بۆ تاوانی زیاتر ئاواڵا ببێت.

بۆ ئەو مەبەستە، کۆلێکتیڤی ژن ژیان ئازادی، رۆژی شەمە (٢٠٢٢-١١-٢٦) لە پاریس، لەندەن، ئۆسلۆ و ستۆکهۆڵم چالاکی بەرێوە دەبات. ئێمە وەک مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک لە ئوروپا، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی کۆلێکتیڤی ژن ژیان ئازادی و لێرەوە داوا لە هەموو کوردێکی وڵاتپارێز، گەلانی ئێران و هەموو ئازادیخوازانی دنیا دەکەین کە لەو چالاکییەدا بەشدار ببن و ببنە دەنگ و رەنگی گەلانی راپەڕیوی ئێران."

ف.ق