تاشدەمیر: سی پی تی بووەتە هاوبەشی تاوانی ئەشکەنجە

دیلان دیرایەت تاشدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی ئاگری رایگەیاند، سی پی تی، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە پەسەندکردنی گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە ئیمرالی بوونەتە هاوبەشی ئەو تاوانە.

دیلان دیرایەت تاشدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپەی ئاگری لەبارەی سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی و هەڵوێستی دەزگا یاساییە نێونەتەوەیەکان لە دژی ئەشکەنجەی گۆشەگیری قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

تاشدەمیر رایگەیاند، سیستمی گۆشەگیریی ئیمرالی بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سی پی تی بەردەوامە و وتی: "ئیمراڵی لە دژی یاساکانی تورکیا و یاسا نێونەتەوەیەکانە. بەڕاستی سیستمێکە دژی یاسا و میزاجیانە و داسەپێنرانەیە، بۆیە بێدەنگیی ئەم دەزگایانە نیشانەی پشتیوانیی ناڕاستەوخۆیانە بۆ ئەو تاوانانە. یاسا و مافەکان بە شێوەیەکی ڕوون و  کۆنکرێت پێشێل دەکرێن. وەزارەتی داد زیندانیان و سزادراوانی تورکیا ئەشکەنجە دەدات. پەیماننامە و رێککەوتننامە یاساییە نێونەتەوەییەکان جێبەجێ ناکرێت. پرۆسەیەکی نایاسایی بەردەوامە، بۆیە ئێمە باس لە سیستمێک دەکەین، کە لەلایەن حکومەت و  لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە دامەزراوە".

تاشدەمیر ئاماژەی بەوەکرد، سی پی تی رایگەیاندووە، سەردانی تورکیای کردووە، بەڵام شان ناداتە بەر بەرپرسیاریی خۆی و لێدوان و ڕاگەیاندراو لەوبارەیەوە بڵاوناکاتەوە. تاشدەمیر وتیشی، "لێدوان و ڕاگەیاندراو بڵاوناکاتەوە، ڕاپۆرتەکەشی پێشکەش ناکات. سەبارەت بە سیستم و ڕژێمی ئێستای گۆشەگیری بە ئەرێنی، یان نەرێنی هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات، بۆیە دەبێت گوشار بخاتە سەر ئەم  حکومەتە، بەڵام ئەوە ناکات، چونکە بارودۆخێکی نهێنی هەیە و بەڕێز ئۆجالانیش زیندانییەکی ئاسایی نییە و ئیمرالیش زیندانێکی ئاسایی نییە. دۆخێکە پەیوەندی بە ڕووداوە قەیراناوییەکانەوە هەیە، ئێمە لێرە بە شێوەی هەڵسوکەوت و نزیکبوونەوە لە پرسی کورد دەیبینین. ئاشکرایە لە ژێر کاریگەریی دەوڵەتە باڵادەستەکاندایە، مافی مرۆڤ و یاسا گەردونییەکان هیچ مانایەکیان نەماوە. ئەم بەهایانە دەبنە قوربانیی داواکارییەکانی دەوڵەتەکان. ئێمە ئەمە بە ڕوونی و ئاشکرا لە سیستمی ئیمراڵیدا دەبینین. ئێمە وەک حیزب بۆ ئەم بابەتە سکاڵا تۆمار دەکەین. بۆ ئەوەش دەستمان بە هەوڵەکانمان کردووە. هەوڵەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری بەردەوام دەبێت".

ژ.ت