تەرمی مەتین ئادوگیت بە خاکسپێردرا

تەرمی سیاسەتمەداری کورد مەتین ئادوگیت، کە لە زیندانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) گیانی لە دەستدا، لە ناوچەى چاڵدران لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بە خاک سپێردرا.

مەتین ئادوگیت (داود) هاوسەرۆکی پێشووی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ناوچەى چاڵدران لە پارێزگای وان، ساڵی رابردوو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستگیرکرا. ئاسایش لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا بە پارێزەرەکەی ئادوگیتی راگەیاندبوو، مەتین ئادوگیت لە زینداندا بەهۆی جەڵتەى دڵەوە گیانی لە دەستداوە.

مەتین ئادوگیت لەو ماوەیەدا، کە لە ئاسایشی پارتیدا دەستبەسەر بوو، رێگا نەدرا بوو بنەماڵەکەى و پارێزەرەکەى چاویان پێی بکەوێت.

لە دوای وەرگرتنەوەى تەرمەکە و تەواوکردنی کاروبارە ئیدارییەکان، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا تەرمەکەی لە دەروازەی سنووریی خابورەوە رەوانەى ناوچەى سلۆپیی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کرایەوە، دەوڵەتی تورک تەرمەکەى بۆ ماوەى ٢ رۆژ لە شرنەخ راگرت و دوای ئەوە بۆ توێکاریی پزیشکی رەوانەى پزیشکی دادی ئەرزرۆم کرا.

لە دوای تەواوبوونی ئەو کاروبارە ئیدارییە، بنەماڵەکەى لە سەرمای ٢٠ پلەى ژێر ژێر سفردا بە پاچ و خاکەناز بەفریان لادا و گۆڕیان بۆ هەڵکەند و لە گۆڕستانی ناوچەى شکەفتا لە ناوچەى چاڵدران لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بە خاکیان سپارد.

ژ.ت

*****