دوژمنایەتیی پەدەکە لە دژی کوردان و گیان لە دەستدانی مەتین داود ئادۆگیت لە زیندانی پەدەکە

مەتین داود ئادۆگیت بەهۆی گوشارە زۆرەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوو روو لە باشووری کوردستان بکات، بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)وە دەستگیرکرا و لە زیندانی پەدەکەدا گیانی لەدەستدا. سیاسەتمەدارانی کورد باسی زوڵمەکانی پەدەکە دەکەن.

مەتین داود ئادۆگیت بەهۆی گوشارە زۆرەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوو روو لە باشووری کوردستان بکات، بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)وە دەستگیرکرا و لە زیندانی پەدەکەدا گیانی لەدەستدا. سیاسەتمەدارانی کورد باسی زوڵمەکانی پەدەکە دەکەن.

سیاسەتمەداری کورد مەتین داود ئادۆگیت لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سزای قورسی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و بە ناچار رووی لە باشووری کوردستان کرد. ٢ مانگ لەوە پێش لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە دەستگیرکرا و دوای ٢ مانگ لە راگرتنی لە زینداندا گیانی لە دەستدا.

خزمان و کەسوکاری مەتین داود ئادۆگیت لەوبارەیەوە رایانگەیاند، پەدەکە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە دژی سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان هێرش و گوشاری سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو پەیڕەو دەکات.  

مەتین داود ئادۆگیت هاوسەرۆکی  پێشووی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوو لە ناوچەى چاڵدران و ناوچەى ئەبخێ لە وان و لە ساڵی ٢٠١١دا لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی کەجەکە بۆ پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرا. دوای ٢ ساڵ لە راگرتنی لە زیندانی وان دا لە ساڵی ٢٠١٣دا ئازاد کرا، بەڵام دواتر دادگا سزای قورسی زیندانی بۆ دەرکرد. لەبەر ئەوەش مەتین داود ئادۆگیت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بە ناچاری کۆچیان بۆ کامپی پەنابەرانی مەخمور لە باشووری کوردستان کرد.

سەردانیکردن و دەستگیریانکرد

سیاسەتمەداری کورد مەتین داود ئادۆگیت دوای سەپاندنی گەمارۆی پەدەکە بەسەر کامپی مەخموردا بۆ بژێویی ژیانی بنەماڵەکەى لە سلێمانی دەستی بەکرێکاری کرد و لەو رێگەوە منداڵەکانی بەخێو دەکرد، دوای ماوەیەک رۆیشت بۆ هەولێر، کە نزیکترە لە کامپی مەخمور و لەوێ دەستی بە کرێکاری کرد. هەوڵی دەدا بەکارکردن منداڵەکانی لە کامپی مەخموری گەمارۆدراو بژییەنێت.

  بۆ ئەوەش خواستی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا ماڵێک بە کرێ بگرن و تیایدا بمێننەوە و بۆ وەرگرتنی رەزامەندنی و مۆڵەتی ئاسایش بۆ بە کرێگرتنی ماڵەکە رۆیشتن سەردانی ئاسایشی پەدەکەیان کرد، بەڵام لە کاتی سەردانیان بۆ داوای مۆڵەتی خانووی کرێ ئاسایش دەستگیریکردن.

ئاسایشی پەدەکە دەرمانی دڵیان پێ نەدا

سەرباری ئەوەى بە ئاسایشەکانی وت، جارێک جەڵدەى دڵ لێیداوە و نەخۆشیی شەکرەی هەیە، بەڵام ئاسایشی پەدەکە گوێیان لێنەگرت و زیندانیان کرد. هاوڕێکەى دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە و دەرمانەکانی بۆ دەبات، بەڵام ئاسایشی پەدەکە دەرمانەکانیان پێ نەدا. ئەوە لە کاتێکدایە کەسێک جەڵدەی دڵ لێیدابێت و نەخۆشیی شەکرەی هەبێت دەبێت بە رێکوپێکی و بە بەردەوامی دەرمانەکانی بەکار بهێنێت. پێ نەدانی دەرمانەکانی یان هەوڵ بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی ئەو کەسە.

رێگایان بە بنەماڵەکەى نەدابوو چاوییان پێی بکەوێت

مەتین داود ئادۆگیت لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە زیندانی هەولێر راگیرابوو. تەنها بۆ یەکجاریش رێگایان بە بنەماڵەکەى نەدا چاویان پێی بکەوێت. ئاسایشی پەدەکە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا بە بنەماڵەکەى راگەیاند، مەتین لە زینداندا گیانی لە دەستداوە. تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو سیاسەتمەدارە چۆن و بە چ شێوەیەک لە زینداندا گیانی لە دەستداوە. هەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەڕۆن لە زینداندا کوژرابێت، یان بە شێوەیەک لە شێوەکان دۆخی مردنیان بەسەردا سەپاند بێت، کە ئەوەش هەر کوشتنی ئەنقەستە.

"هیچی لە تورکیا کەمتر نییە"

بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد، کە لە دۆخی هاوشێوەیى مەتین داود دا بوون و ئەوانیش بە ناچار روویان لە باشووری کوردستان کردووە لەبارەی گوشار و زۆردارییەکانی پەدەکەوە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردانە، کە بەهۆی دۆزی سیاسییەوە هاتوون بۆ باشووری کوردستان وتیان، "لەبەر ئەوەى ئێرە کوردستانە، ئێمە ئێرەمان پێ باشتر بوو، بەڵام دوای ئەوەى مرۆڤ دێت و ئێرە دەبینێت، دۆخەکە دەگۆڕێت و زۆر شتی پێچەوانەى بۆ روون دەبێتەوە. ئێمە دەرفەتمان بۆ نەڕەخسا لێرە بڕۆین، مرۆڤ لێرە دەچەقێت و عاسێ دەکرێت. لەو بڕوایەدام ئێرە لە هەموو روویەکەوە هیچی لە تورکیا کەمتر نییە. لە هەندێک رووەوە هاوشێوەى ساڵانی ١٩٨٠ی تورکیایە. ئەو مرۆڤانەى لە باکووری کوردستانەوە دێن، هەدەپەیی بن، یان دەبەپەیی بن هیچ فەرق ناکات، بە رق و توڕەییەکی دوژمنکارانەوە لە کەسە سیاسییەکان نزیک دەبنەوە. بێگومان ئەو نزیکایەتییە لەلایەن گەلەوە نییە، بەڵکو لەلایەن پەدەکە و ئاسایشی پەدەکەوەیە".

ئەو سیاسەتمەدارانە ئەوەشیان راگەیاند، پەدەکە بە بەردەوامی هەڕەشەى رادەستکردنیان بە تورکیا لێدەکات و کامپی مەخموریشی گەمارۆداوە و وتیان، "ساڵ و نیوێکە کامپی مەخمور لەلایەن پەدەکەوە گەمارۆدراوە. ئەو گەمارۆدانە تەنها بۆ خۆی ئابڕوچوون و ریسوایەکی نەتەوەییە. ئەو شەرم و ریسوایەش پەدەکە دروستیکردووە.

 باشە لە کوێ ئەوە بینراوە، کە کامپێکی ١٥ هەزار کەسی لە هەموو روویەکەوە گەمارۆ بدرێت و رێگای هاتوچۆ و کارکردن بە دانیشتوانەکەى نەدەن. بە هۆی ئەو گەمارۆیەوە چەندین کەسی نەخۆش گیانیان لە دەستداوە. ئەوە کاری پەدەکە و رەفتاری پەدەکەیە. ئەوە بەربەرێت و دڕندەییە.

ئاسایشی پەدەکە تەنانەت ژنانی دوو گیانیان لەسەر رێگای نەخۆشخانەکان گەڕاندەوە بۆ کامپەکە و ژنە دوگیانەکان لەگەڵ کۆرپەکانی ناو سکیاندا گیانیان لە دەستدا. مرۆڤەکانی کامپەکە بێکارن، منداڵان برسییانە و بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە برسی دەکرێن.

لە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا نزیکەى ٥٠ هاووڵاتیی کامپی مەخمور لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون. ئەو کەسانە لەگەڵ ٣٠ بۆ ٤٠ زیندانیی داعش دەکرێنە ژوورێکی ٢٠ مەتری".

ئەو سیاسەتمەدارانە باسی ئەوەشیانکرد، ئەو تراژیدیا و دڕندەییەى تەنها لە شەڕی جیهانی دووەم دا هەبووە و وتیشیان، "بەڵێ، پەدەکە ئەوە بەرامبەر بە کوردانی باکوور و مەخموور دەکات. گیان لە دەستدانی مەتین داود ئادۆگیت نمونەى زەقی ئەو دۆخە ئابڕوبەرانەیەیە. شوێنێک نییە، کە ئێمەى باسی رووداو و کارەساتەکانی ئەم ٢ ساڵەی دوایى تیادا بکەین. هەر خۆیان زۆر بە ئاشکرا دەڵێن، رادەستی تورکیاتان دەکەینەوە".

ژ.ت