یاریزانى کورد وریا غەفوری یاریزانى هەڵبژاردەی ئێران دەستگیر کرا

بە تۆمەتى سوکایەتیکردنى بە تیمی تۆپی پێی ئێران و پشتیوانیکردن لەخۆپیشاندەرانی رۆژهەڵات، یاریزانى کورد وریا غەفوری یاریزانى هەڵبژاردەی ئێران دەستگیر کرا.

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنج شەممە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، وریا غەفوری-یان بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن و ناشرینکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەشداریکردن لە پڕوپاگەندە” دژی دەوڵەت دەستگیرکردووە.

 دوای مەشق و ڕاهێنانێک بۆ تیمەکەی فولاد خوزستان بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دەسەڵاتی دادوەری، وریا غەفوریی یاریزانی کورد، دەستگیرکراوە.

ئەو یاریزانە تەمەن ٣٥ ساڵەی تۆپی پێ، خەڵکی شاری سنە، پایتەختی پارێزگای کوردستان لە ئێرانە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوە، کە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لایکیان کردووە و جلوبەرگی کوردیی لەبەردایە.

کاپتنی پێشووی یانەی ئیستێقلال کە “بەناوبانگترین” تیپی وڵاتەکەیە، لە مانگی تەمموزدا بەهۆی ڕەخنەی دووبارەی لە دەسەڵاتداران ناچاربوو تیپەکەی جێبهێڵێت.

لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوەو لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینى کچە کوردی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى ئێرانەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بە دروشمی ژن-ژیان-ئازادی سەری هەڵداو تائێستاش بەردەوامە.

ف.ق