دەم پارتی هیوای خواست خزر دادپەروەری و ئازادی بۆ مرۆڤایەتی بهێنێت

هاووتەبێژانی کۆمیسیۆنی گەل و باوەڕەکانی دەم پارتی، یوکسەل مۆتلو و مەحفوز گولەریوز بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ڕایانگەیاند، خزر لە ساڵنامەی جڤاکی عەلەوییەکاندا سەرەتای قۆناغی ژیانەوەی سرووشتە.

دەم پارتی ڕایگەیاند خزر لە ساڵنامەی جڤاکی عەلەوییەکاندا دەسپێکی ژیانەوەی سرووشتە، تێیدا ڕۆژوو دەگیرێت و پێشوازی لە میوانان دەکرێت.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات بە بڕوای جڤاکی عەلەوی خزر بەرەکەتی سرووشت زیاتر دەکات و کێشەی هەژاری و بێ دەرەتانی چارە دەکات بەو بۆنەیەوە ٣ ڕۆژ، ڕۆژوو دەگرن. هەروەها لای چەندین گەلی دیکەی وەک جڤاکی ڕۆماشەوە، ئەم جەژنە گرنگەی گەلانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ و باڵکان بە هیوا و جۆشوخرۆشەوە پیرۆز دەکرێت، بەو بۆنەیەوە ساڵی ٢٠١٠ خدریاس خرایە نێو لیستی میراتی چاندی مرۆڤایەتیی یونسکۆوە.

ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت: "بەهیواین خزر کە هەزاران ساڵە لەلایەن گەلان و باوەڕە جوداکانەوە لە ٥-٦ ی ئایار بەرز ڕادەگیرێت، ببێتە مایەی بەرەکەت و کەیفخۆشی بۆ هەموو گەلان.

بەهیواین مرازی هاوڵاتیانمان کە لەژێر هەلومەرجی قەیرانی گرانی ئابووری و هەژاری دەژین، بێتە دی، گەل و باوەڕەکان لە وڵاتێکی ئازاد پێکەوە بژین، خزر دادپەروەری و ئاشتی و ئازادی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بهێنێت".