پەدەکە لە ترسی هەڵبژاردن، پلان بۆ ئاژاوەگێڕی دادەڕژێت

بە پێ ئەو زانیاریانەی کە بەر دەست کەوتوون پەدەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن بۆ سەر هێزەکانی گەریلا. ئامانجێکی سەرەکی ئەم پلانەشی ئەوەیە کە بەم جۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەردەوام وەکوو هێزێکی دژە شۆڕش کاری کردوەو بووەتە داردەستی داگیرکەران و لەمپەر لە پێش شۆڕشی کوردستان.  بە  پشت بەستن بەم وتە کۆمێدیە کە ئەڵێت؛ ئەگەر پەدەکە لە گەڵ چینیش بکەوێتە هەڵبژاردنەوە دەیباتەوەوە، لە ساڵی ١٩٩٢وە کە پارلەمانی کوردستان دامەزراوەو پێویست بوو هەڵبژاردن یەکلاکەروەی کێشمەکشی سیاسی نێوان حیزبەکان بێت، هەوڵی داوە یاساکانی هەڵبژاردن بە پێی بەرژەوەندی خۆی بەکار بێنێت.

 لەم بوارەدا سڵی لە بەکارهێنانی هیچ جۆرە گوشار و زەخت و زۆرێک نەکردووەتەوە و ئەوانەیش لە پێشیدا وەستاونەتەوە لە نێوی بردوون. بەم جۆرە زیاتر لەوەی کە وەکوو پارتێکی سیاسی بێتە ناو کایەی هەڵبژاردن بە رێگای باڵی سەربازی و تۆڕە هەواڵگرییەکانیەوە هەوڵی داوە جومگەکانی کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکات و بە رێگای ترساندن و نانەوەی ئاژاوە دۆخەکەی لە بەرژوەندی خۆی گواستووەتەوە و بە هیچ جۆرێک رەخنەی پەسەند نەکردووەو رەخنەگرانی لە نێوبردوە، کە نموونەی کوشتنی رۆژنامە نووسانە.

لەو کاتانەیش شکستی هێنابێت  لەگەڵ داگیرکەران دەستی تێکەڵ کردوە. ٣١ی ئابی ١٩٩٦ نموونەیێکی بەرچاوە کە چۆن بە سواری دەبابەی بەعس، هەولێری داگیر کرد بەوە جۆرەش دەسەڵاتی خۆی سەپاندووە. لە ماوەی ئەم ٣٢ ساڵەدا کە لە ئاستی حکوومەتی هەرێمدا هێزی باڵای دەست بووە و زۆرترین جومگەکای بەرێوەبەری لە دەستدا بووە، بە خراپترین شێوە هەرێمی ئێدارە داوە. ئەو کارتانەیشی کە بەدەستیەوە بوون هەمووی سووتاندەوە و متمانەی کۆمەڵگاکەی لە دەست داوە. زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەن کە پەدەکە هیچ کات خاوەنی راستەقینەی کورسیەکانی پارلەمان نەبووە و بەشێکی زۆری بە رێگای فرت و فێڵ و گوشار و چاو ترساندن بە دەستی خستوون.

 ئێستاش دوای ململانیێکی زۆر، ئەو بڕیارانەی کە دادگای فیدراڵی عێراق و دەستەی هەڵبژاردن سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە 'یانزە کورسی کۆتاکان' کە پەدەکە بەردەوام بە مافی خۆی زانیوە، هەر وەها سڕینەوەی ناوی ئەو هەزاران دەنگدەرەی کە خەیاڵی بوون و وەکوو دەنگی مردوەکان ناوزەد دەکرێن، لە هەمان کات ئەو چەندین هەزار دەنگدەرەی کە وەکوو دەنگدەری ساختە و خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن و مافی دەنگدانیان لە هەرێم نیە، لە هەمووی گرینگتر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئاستی هەرێمەکان، پەدەکەی تووشی هیستریای شکست کردووە. ئەمەیش وای کردوە وەکوو ئەو کەسەی کە لە زەلکاو نۆقم دەبن، هەوڵ ئەدا هەموو کەس بکێشێتە نێو زەلکاوەکەوە.

سەردانەکانی ئەم دوایەیی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد و چاوپێکەوتن لەگەڵ سوودانی،  سەودا و مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئێران، هەروەها پێشوازی گەرمی پەدەکە لە ئەردۆغان و رازاندنەوەی هەولێر بە ئاڵای تورکیە تەنیا بۆ یەک مەبەستە، ئەویش بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانە یان گۆڕینی بڕیارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆی. ئەوەی کە دەبینرێت و لە ڕای گشتییدا دزەی کردوە، لە سەردانانەکان ئەنجامی نەگرتووە. لایەنەکانی دیکە بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکگرتووی ئێسلامی و بەرەی هەلوێست و ...هتد لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردنەکان دوابخرێن. ئەوان باش دەزانن بەرێوەنەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەر لە هەموو شتێک ڕەواییەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە، هەموان لەسەر ئەو ڕایەن بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەکان ئەگەری سڕینەوەی قەوارەی هەرێم دێنێتە ئاراوە. پێداگری پەدەکە هەمان لۆژیک دێتەوە کە ئەڵێت؛ 'ئەگەر بۆ من نیە با بۆ هەموان نەبێت' هەڵسووکەوت دەکات.

 لە لایەکی دیکەوە هەمووان لە دەستی پەدەکە و سیاسەتە فراونخوازیەکانی تەنگەتاو بوون، بە تایبەتی لە کابینەی نۆهەم و هاتنە سەرکاری مەسروور بارزانی وەکوو کەسێکی هەواڵگری کە بە برا گەورە و هاوتای کیم جۆنگ ئۆنی  کوریای باکوور ناودێر دەکرێت، کەشێکی تاکڕەوی و هەواڵگری و دیکتاتۆرانە بە سەر هەرێمدا زال بووە کە ئازادیخوازان ناتوانن هەناسە بدەن. ئەمەیش وای کردوە هەموان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پاشکەشێ بە پەدەکە و لاوازکردنی، پرۆسەی هەڵبژاردن بە باشترین دەرفەت دابنێن.

 بەو شێوازەی بەراورد دەکرا هاتنەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و سەردانەکەی بۆ هەولێر بە هەمان مەبەست بوو. وەک خۆیان دەیان وت ئەوەی لە بەغدا دەستی نەکەوت ویستی لە هەولێر دەستی بخات. هەردووکیان لە سەر ئەوە کۆک بوون کە ئەگەر هەڵبژاردن دوا نەخرێت یان مەرجەکانی پەدەکە بۆ گەڕانەوەی کۆتاکان بێ ئەنجام بێت پلانی (ب) ی بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەمەیش بە واتای دروستکردنی کەشێکی ئاڵۆز بوو لە هەرێم بە رێگای لەشکرکێشی کردن بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. ئەردۆغان لە باکوور و تورکیە شکەستی هێناوە و پەدەکە وەکوو هاوپەیمانی لە باشوور تەنگەتاو بووە، هاتنەکەشی بۆ هەولێر داڕشتنی پلانێکی هاوبەش بوو. بۆ ئەردۆغان گرنگە دژی پەکەکە پەرە بە شەڕ بدات، لە هەمان کات نانەوەی ئاژاوە لەم ساتانەدا بۆ پەدەکە پێویستە، بۆیێ ئامادەیە هەموو شتێک بکاتە قوربانی، تەنانەت هەرێمی کوردستان وەکوو وڵایەتێک پێشکەشی سۆڵتانی ئەنقەرەی بکات. ئەمەش لە شێوازی پێشوازیەکەدا بەڕوونی دەرکەوت.

بە پێ ئەو زانیاریانەی کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیاوە کەوتووەتە بەر دەستی ڕای گشتی، هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە سەد ئۆتۆمبێلی سەربازی لە تورکیاوە تێپەڕی هەرێمی کوردستان بوون. پەدەکەش لە بەردەوامی ئەم پلانەدا چەتەکانی 'رۆژ و گۆڵانی'  لە سەر ناوی پێشمەرگەی کوردستان ئامادە کردووە و ئەگەری جووڵاندنی ئەو هێزانە هەیە  ویستێتی وەکوو کەواسووری بەر لەشکەر، بە پێش سوپای داگیرکەری تورکیە بکەون، ئامادەکاری هێرش بۆ سەر سەنگەرەی گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەکات.

ئامانجی ئەم پیلانە ئەوەیە تا لە رێگەی بە کوشتدانی پێشمەرگە، لەلایەکەوە هەر وەها دروستکردنی مەترسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم، پاساو بۆ ئەو شەڕە و داگیرکارییە بدۆزێتەوە کە دەوڵەتی تورک چەندین مانگە کاری بۆ دەکات، لەلایەکیشەوە بە بیانووی بوونی شەڕ ڕەوایەتی بە دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بدات. بەم جۆرە وەک خۆی ئەڵێت 'سواری سەری خۆی بووە و بۆ زەرەری خاوەنەکەی بە مردنی خۆی رازیە'.

هـ . ب