لە شەقامەکانی سەماوە چالاکیی هونەریی تایبەت بە ئەنفال ئەنجامدرا

کەسوکاری ئەنفال لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستانەوە ڕوویانکردە شاری سەماوە، بۆ ئاشناکردنی خەڵکی شارەکە بە کارەساتی ئەنفال، لەناوەندی شارەکە چالاکی هونەری ئەنجامدرا.

دوای ئەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال بە هەشت قۆناغ لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامدرا و زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد زیندەبەچاڵکران، وەک تەواوکارییەک بەو پرۆسەیە بە هەزاران کورد کە زۆرینەیان لە ژن و منداڵ پێکهاتبوون، ماوەی پێنج مانگ لە زیندانی نوگرەسەلمان لە سەماوە ڕاگیران، دواتر لە ڕۆڵە و کەس و کارەکانیان دابڕێنران. لە ئێستادا وەک بۆنەیەکی ساڵانە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە گشتی و ئەو کەسانەی لە نوگرەسەلمان زیندانی کران، سەردانی ئەو قەڵایە دەکەن.

بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ سەدان کەس لە کەسوکاری ئەنفال و تاقانەکانی ئەنفال، چالاکوانان و ئەندامانی ڕێکخراوەکان لە شار و شارۆچکەکانی کەلار، کفری، کۆیە، هەڵەبجە و بلە و بارزان ڕوویانکردە شاری سەماوە.

بۆ ئاشناکردنی دانیشتووانی شارەکە بە تاوانی ئەنفال، لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی سەماوە شانۆی "پیاوی ئاڵتونی" بە زمانی کوردی لەلایەن شانۆکار پشکۆ حەمەی ڕۆستەم پێشکەشکرا و شیعرێک دەربارەی کارەساتی ئەنفال بە زمانی عەرەبی لەلایەن شاعیر عەلی نارێنی خوێنرایەوە. هەروەها پێشانگایەکی وێنەیی بۆ پیشاندانی قوربانیانی ئەنفال پیشاندرا، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی سەماوە لەدەوری چالاکییەکان کۆبوونەوە.

پاشان وتاری کەسوکاری ئەنفال بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێنرایەوە و دواتر بۆ نوگرەسەلمان بەڕێکەوتن.